یەكەم گەشتی ڕاستەوخۆی نێوان وڵاتێكی عەرەبی بۆ ئیسرائیل كە ئاساییكردنەوەی ڕانەگەیاندوە

12:06 - 29/08/2023

4730جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ڕۆژنامەیەكی ئیسرائیلی رایگەیاند، فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگری سەر بە كۆمپانیای ئایر سیشێڵ لە دوبەیەوە بەرزبوەتەوە بۆ گواستنەوەی 128 سەرنشینی ئیسرائیلی، بەڵام بەهۆی كێشەكی تەكنیكیەوە ناچاربوە لە سعودیە بنیشێتەوە و پاشانیش راستەوخۆ بۆ ئیسرائیل گەڕاوەتەوە. 

بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئیسرائیلی (Yedioth Ahronoth)ی ئیسرائیلی، گەیشتنی ئەو فڕۆكەیە لە سعودیەوە بۆ ئیسرائیل یەكەم گەشتی ڕاستەوخۆی فڕۆكەی نەفەرهەڵگرە لە شارێكی سعودیەوە بۆ ئیسرائیل.

وەزارەتی دەرەوە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ سەرنشینانی فڕۆكەكە و هێڵی ئاسمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ناو سیستەمی ئیسرائیل
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە پەیوەندیدایە لەگەڵ سەرنشینانی فڕۆكەكە و هێڵی ئاسمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ناو سیستەمی ئیسرائیل بۆئەوەی بە خێرایی كۆتایی بەو كێشە تەكنیكیە بهێنن كە روبەڕوی فڕۆكەكەیان بۆتەوە. 
فڕۆكەیەكیان كە بەرەو تەلئەبیب دەڕۆیشت، لە فڕۆكەخانەی جددە لە شانشینی سعودیە نیشتوەتەوە
ئێوارەی دوێنێ دوشەممە كۆمپانیای ئایر سیشێڵز ڕایگەیاند، فڕۆكەیەكیان كە بەرەو تەلئەبیب دەڕۆیشت، لە فڕۆكەخانەی جددە لە شانشینی سعودیە نیشتوەتەوە، ئەمەش بەهۆی دروستبونی كێشەیەكی تەكنیكیەوە بوە لە فڕۆكەكەدا.

ئاماژەی بەوەشكردوە، سەرنشینەكانی رابردویان لە هۆتێلێك لە سعودیە بەسەر برد، دواتر فڕۆكەیەكی پۆلیسی جێگرەوە گەیشتوەتە ریاز بۆئەوەی سەرنشینەكان بگەڕێنێتەوە بۆ ئیسرائیل.
128 ئیسرائیلی لەناو فڕۆكەی ئەیرباس 320دا بون
بەگوێرەی زانیارییەكانی كۆمپانیاكە، 128 ئیسرائیلی لەناو فڕۆكەی ئەیرباس 320دا بون و بەهۆی تێكچونی سیستەمی كارەبایەكەیەوە ناچاربوە بنیشێتەوە.

فڕۆكەكە نزیكەی چوار كاتژمێر دوای هەڵسانی لە سیشێڵەوە لە شاری جددە نیشتەوە، بەگوێرەی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەكە، پێشتر فڕۆكەخانەی جددە وەك فڕۆكەخانەیەكی جێگرەوە بۆ ڕێڕەوی گەشتەكان بۆ ئیسرائیل دەستنیشانكرابو، هەروەها ڕەزامەندی دەربڕیبو لەسەر نیشتنەوەی لە حاڵەتە نائاساییەكاندا بۆ گەشتەكانی ئیسرائیل و تێپەڕبونیان بە ئاسمانی سعودیەدا.

ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردوە: پێویستە جەخت لەوە بكرێتەوە كە ئەمە نیشتنەوەیەكی فریاگوزاری ڕاستەقینە نییە، هەروەها فڕۆكەوانەكانیش باری نائاسایییان ڕانەگەیاندوە و بەگوێرەی هێڵی فڕۆكەوانیش هەمو سەرنشینەكان باشن.

بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە لە ئیسرائیل ڕایانگەیاندوە، ئیسرائیلییەكان لە جددە زۆر میهرەبانانە مامەڵەیان لەگەڵ كراوە.

نیشانەکردن

ئیسرائیل سعودیە