خەندان-
وەزارەتی بەرگری سعودیە ئەمڕۆ دوشەممە ڕایگەیاند، فڕۆكەیەكی جەنگی لە میانی ئەركێكی مەشق و ڕاهێنان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەكەیان كەوتۆتە خوارەوە، بەڵام تیمە فڕۆكەوانیەكەیان سەلامەت بون.
عەمید توركی مالیكی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری سعودیە ڕایگەیاند، "كاتژمێر 3:44 خولەكی ئێوارەی ئەمڕۆ بەكاتی شانشینی سعودیە، فڕۆكەیەكی جەنگی جۆری تۆرنادۆی هێزی ئاسمانی شاهانە لە میانی ئەركێكی مەشقی ڕۆتینی لە ناوچەی مەشق و ڕاهێنانی بنكەی ئاسمانی شا عەبدولعەزیز لە شاری زەهران كەوتە خوارەوە".
تیمی فڕۆكەوانی دوای بەكارهێنانی دو كورسی ڕزگاركەر توانیویانە رزگاریان ببێت
ئاماژەی بەوەشكردوە، "تیمی فڕۆكەوانی دوای بەكارهێنانی دو كورسی ڕزگاركەر توانیویانە رزگاریان ببێت و سەلامەتن، جگە لەوەش بەهۆی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەوە هیچ زیانێكی گیانی نەبوە، تەنها زیانی ماددی هەیە".
ئەوەشیخستەڕو، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە دەستیكردوە بە ئەركەكانی بۆ زانینی هۆكارەكانی كەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆكە جەنگیە و دیاریكردنی لایەنی سەرپێچیكار.