خەندان-
سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پارتی و هاوپەیمانەکانی لە حکومەتی عێراق سەرقاڵی دروستکردنی سیناریۆن لە کەرکوک و دەیانەوێت سۆزی خەڵک بجوڵێنن و بەوجۆرە دەنگ کۆبکەنەوە.
سروە عەبدولواحید لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەو بەناو کێشە دروستکراوانەی لە کەرکوک رودەدەن بەڕوکەش لەنێوان پارتی و هاوپەیمانەکانی لەحکومەتی عێراق، هیچ نین جگە لە سیناریۆیەکی دروستکراو کە پێشتر هەردولا لەسەری رێککەوتون".
پارتی و هاوپەیمانەکانی لە بەغدا لەسەر یەک سینی نان دەخۆن
راشیگەیاندوە، "پارتی و هاوپەیمانەکانی لە بەغدا لەسەر یەک سینی نان دەخۆن و لە ناو یەک هاوپەیمانیدا بەشدارن لە حکومەت، بەڵام بەهۆی شکستیان لە پێشکەشکردنی خزمەت بۆ هاوڵاتییان دێن ئەم سیناریۆ چەندبارانە دەوروژێننەوە هەموجار پێش هەڵبژاردنەکان دەیانەوێت بەمە سۆزی خەڵک بجوڵێنن و دەنگ کۆبکەنەوە، لە بری بە خزمەتکردنی هاوڵاتیانی کەرکوک هەوڵ بدەن دەنگ کۆبکەنەوە".
دڵنیا بن خەڵک بەم درۆ چەندبارانەتان باوەر ناکات
دەشڵێت، "دڵنیا بن خەڵک بەم درۆ چەندبارانەتان باوەر ناکات، ئێوەبون وەک هەردو حیزبی دەسەڵاتدار کەرکوکتان فرۆشت و ئێستاش لەبەغدا شەریکی عەرەب و تورکمانی سونە و شیعەن، هیچ کێشەتان نییە لە بەغدا".
ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ژمارەیەک هاوڵاتی لە رێگەی شۆراوی شاری کەرکوک خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیان ئەنجامدا و داوایانکرد، بارەگاکانی پارتی کە ئێستا هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبیان تێدا جێگیرکراوە نەدرێنەوە بەو حزبە.