توێژینەوەیەک: بەخێوکەرانی پشیلە ئارامترن

04:05 - 28/08/2023

4369جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سودە تەندروستییەکانی خزمەتکردن و بەخێوکردنی پشیلە زۆرن بەتایبەتی لەناوماڵدا، بە رادەییەک بە درێژایی ساڵانی دوایی چەندین توێژینەوە ئەنجامدراون لەپێناو سەلماندنی ئەو سودانە کە دیارترینیان پێشکەشکردنی پاڵپشتی دەرونیی و بەخشینی ئارامییە بۆ ئەندامانی خێزانی ئەو ماڵەی پشیلەکەی تێدا دەژی. 

دوایین توێژینەوەش کە لەو بارەیەوە ئەنجامدراوە، توێژینەوەی ماڵپەڕی پێت کین-ە، کە باس لە رۆڵی گرنگی هەبون و بەخێوکردنی پشیلە دەکات لە ناوماڵدا لە رێگەی دابینکردنی پاڵپشتی دەرونی بۆ خاوەنی و ئەندامانی دیکەی نێو ماڵەکە بە خۆلێکخشاندن و هاتوچۆکردن بە دەوری جەستە و قاچەکانیاندا، بەوەش کاریگەرییەکەی سەرسوڕهێنەری هەیە لە هەڵمژینی وزەی نەرێنی جەستەی مرۆڤ و پێدانی وزەی ئەرێنی و هەستی گەشبینی. 

ئەو مرخە مرخەی پشیلە کە لەکاتی هەستکردنی بە ئارامی دەریدەبڕێت، بەر هەر مرۆڤێک بکەوێت لێدانی دڵی جێگیر دەکات و هەستی ئارامی پێدەبەخشێت

هەروەک توێژینەوەکانی پێشتریش سەلماندویانە، ئەو مرخە مرخەی پشیلە کە لەکاتی هەستکردنی بە ئارامی دەریدەبڕێت و هەستی پێدەکرێت، لەرەلەری زۆر بەرزە و بە گۆشەی 360 پلە بە دەوری خۆیدا بڵاودەبێتەوە، بە راددەیەک بەر هەر مرۆڤێک بکەوێت، لێدانی دڵی جێگیر دەکات و هەستی ئارامی پێدەبەخشێت، بەوەش بەرگریی جەستەی بەهێز دەبێت لە دژی نەخۆشییەکان. 



لەلایەکی دیکەوە توێژینەوەیەکی دیکە باس لە گرنگی هەبونی زیاتر لە یەک پشیلە دەکات لە ناو ماڵدا، بەوپێیەی وەرگرتنی وزەی نەرێنی نێو ماڵەکە لە تەواوی ئەندامانی خێزانەکە دابەش دەبێت بەسەریاندا، بەو شێوەیەش باشتر توانای کۆنتڕۆڵکردنیان وزە نەرێنییەکانیان دەبێت و لە بەرامبەریاندا کۆی وزەی ئەرێنییان کە دەیبەخشن زیاتر دەبێت. 

توێژینەوەکان بەو راستییە گەیشتون کە بەخێوکەرانی پشیلە ئارامتر و لەسەرخۆترن
سەرەنجام بە پشتبەستن بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، توێژینەوەکان بەو راستییە گەیشتون کە بەخێوکەرانی پشیلە ئارامتر و لەسەرخۆترن لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ کەسانی چواردەوریاندا، بەراورد بەو کەسانەی پشیلە بەخێو ناکەن. 
بەخێوکردنی پشیلە لە وڵاتانی ئەوروپا وەک چارەسەرێکی دەرونی دەستنیشان دەکرێت

بەو پێیەش بەخێوکردنی پشیلە لە وڵاتانی ئەوروپا وەک چارەسەرێکی دەرونی بەبێ پەنابردن بۆ بەکارهێنانی دەرمان، دەستنیشان دەکرێت و پسپۆڕان و پزیشکانی بواری دەرونی پێشنیازی دەکەن بۆ ئەو دایک و باوکانەی منداڵەکانیان دوچاری گۆشەگیری یاخود خەمۆکی بون، لەگەڵ ئەو کەسە بەتەمانانەی بە تەنها دەژین یاخود دوچاری نەخۆشی پەیوەست بە دڵەوە بون.

لیکی پشیلە هەموو جۆرە میکرۆبێک لەناودەبات و رۆلی ماددەی پاککەرەوە (تەعقیم) دەبینێت

لە دوایین لێکۆڵینەوەش کە لەسەر لیکی پشیلە ئەنجامدراوە، ئەو راستییە زانستییە سەلمێنراوە کە لیکی پشیلە هەموو جۆرە میکرۆبێک لەناودەبات و رۆلی ماددەی پاککەرەوە (تەعقیم) دەبینێت، هەروەک لە بەرهەمهێنانی ماددەی تەعقیمدا سودی لێدەبینرێت.