خەندان-
جوتیار ئەشرەفزادە خەڵکی پیرانشار سزای سێ ساڵ زیندانیکردن و هاوژینەکەی بە ناوی مەهوەش تەوەسولی سزای دو ساڵ زیندانیکردنی لە ماڵەوەی بەسەردا سەپێنرا، ئەو هاوژینە بەشداریان لە خۆپیشاندانەکانی "ژن ژیان ئازادی" لەشاری پیرانشار کردبو و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، جوتیار ئەشرەفزادە لە رۆژانی رابردودا لەلایەن دادگای شۆڕشی پیرانشار بە تۆمەتی کۆبونەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراوە و هاوژینەکەشی بەناوی مەهوەش تەوەسولی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" سزای دو ساڵ بەندکران لە ماڵەوەی بە پێبەندی ئەلیکترۆنی بەسەردا سەپاوە.
ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار تانەی لەو بڕیارەی دادگا داوە
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار تانەی لەو بڕیارەی دادگا داوە و داوای کردوە کە سزایەکی قورستر بەسەر ئەو هاوژینەدا بسەپێنرێت.
لە خۆپیشاندانەکانی "ژن ژیان ئازادی" لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستگیرکرابون
مەهوەش تەوەسولی و جوتیار ئەشرەفزاد ساڵی رابردو لە خۆپیشاندانەکانی "ژن ژیان ئازادی" لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە شاری پیرانشار دەستگیرکران و دواتر بە بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابون.