پایتەختێکی ئەوروپی دوچاری "داگیرکاریی مشکەکان" دەبێتەوە

12:41 - 27/08/2023

5155جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەرپرسانی شاری رۆما رێکارەکانی بەرەنگاربونەوەی داگیرکاریی مشکەکانی شارەکەیان راگەیاند، دوای ئەوەی گەشتیاران وێنەی ئەو مشکانەیان لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە، کە لە ناوچەکانی نزیک شانۆ مێژوییەکەدا دەسوڕێنەوە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەدنکرۆنۆس، سابرینا ئەلفۆنسی، بەرپرسی دەسەڵاتی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا رایگەیاند، "بەدەمەوەچونێکی تایبەت لە ئێوارەی هەینی و سەرلەبەیانی شەممەوە دەستیپێکردوە سەبارەت بە پرسی گللەییکردنی گەشتیاران لەبارەی ژمارەی زۆری مشکەکان لە شارەکە، بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن بە سەلامەتی لە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی ئیتاڵیا گەشت بکەن".

ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنی ژمارەی مشکەکان لەم هەفتەیەدا دەستپێدەکات و بەردەوامی دەبێت
هاوکات دەسەڵاتدرانی شارەکە لە راگەیەنراوێکدا باسیان لەوەکردوە، "ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنی ژمارەی مشکەکان لەم هەفتەیەدا دەستپێدەکات و بەردەوامی دەبێت، بەوپێیەی ناوچە سەوزەکانی دەوروبەری شارەکە و ئاوەڕۆکان کە مشک تێیدایە پاکدەکرێنەوە و تەڵە جێگیر دەکرێت".
نزیکەی حەوت ملیۆن مشک بە تەنها لە رۆما بونیان هەیە
ئاماژە بەوەشکراوە، نزیکەی حەوت ملیۆن مشک بە تەنها لە رۆما بونیان هەیە، ئەوەش زیاترە لە ژمارەی دانیشتوانی شارەکە و بە واتای زیاتر لە دو مشک دێت بۆ هەر هاوڵاتییەکەی نیشتەجێی شارەکە.

بەرپرسی دەسەڵاتی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی شارەکە رونیکردەوە، "ئەو رێژە زۆرەی گەشتیاران لەم هاوینەدا دێنە شارەکە، کە هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلی گەرمادا بوەتەهۆی زیادبونی زبڵ و خاشاک، ئەوەش زیاتر بڵاوبونەوەی مشکی لێ بەرهەمهاتوە".
رۆما ساڵانێکە بەدەست قەیرانی زبڵ و خاشاکەوە دەناڵێنێت
رۆما ساڵانێکە بەدەست قەیرانی زبڵ و خاشاکەوە دەناڵێنێت، زۆرجار کۆمەڵێک پاشماوە لە شەقامەکاندا لە تەنیشت سەبەتەی زبڵ و خاشاکەوە فڕێدەدرێن.

شانۆی مێژویی رۆما دو هەزار ساڵ لەمەوبەر دروستکراوە و گەورەترین شانۆی  ئیمپراتۆریەتی رۆمانیایە و بۆ میوانداری شەڕی گلادیاتۆری و لەسێدارەدان و راوکردنی ئاژەڵان، بەکاردەهێنرا.