خەندان-
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، شاندی تورکیا کە لەم دواییانەدا سەردانی عێراقی کردوە، شەش مەرجی پێشنیاز کردوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، هاوکات پسپۆڕان داوای خێراترکردنی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی ئەو مەلەفە لەگەڵ ئەنقەرە دەکەن.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سێشەممەی رابردو (22ی ئابی 2023) بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی کۆبوەوە بۆ تاوتوێکردنی کۆمەڵێک پرس و بابەتی گرنگی نێوان هەردو وڵات، هاوکات جەختی لەوەکردەوە، کە عێراق لە ریزبەندی پێشەوەی وڵاتاندایە کە لای ئەنقەرە جێگەی بایەخە.
لەمیانی سەردانەکەی شاندی تورکیا مەرجە بنەڕەتییەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت خراوەتەڕو
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامە
سەباح-ی راگەیاند، لەمیانی سەردانەکەی شاندی تورکیا بۆ عێراق مەرجە بنەڕەتییەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەندەری جەیهان خراوەتەڕو، بەتایبەتی دوای بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی کە بڕی ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلار سزای تورکیا داوە بەهۆی بەشداریکردنی لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا.
شاندی تورکیا پێشتر سەردانی عێراقی کردوە و خولێکی دانوستانی تەکنیکییان لەگەڵ وەزارەتی نەوت ئەنجامداوە
ئاماژەی بەوەشکرد، شاندی تورکیا پێشتر سەردانی عێراقی کردوە و خولێکی دانوستانی تەکنیکییان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق ئەنجامداوە، کۆمەڵێک مەرجی هەیە باس لە دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک پێکەوە دەکەن لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری تورکیا لە جەیهان.
ئەو وەرەقەیەی کە لەلایەن لایەنی تورکیاوە پێشکەش کراوە شەش مەرجی بنەڕەتی لەخۆگرتوە
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، ئەو وەرەقەیەی کە لەلایەن لایەنی تورکیاوە پێشکەش کراوە شەش مەرجی بنەڕەتی لەخۆگرتوە، لەوانەش تێچوی گواستنەوەی نەوتە لەڕێگەی بۆرییەوە، کە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت داوای 13 دۆلار دەکات، هەروەها کشانەوەی سکاڵای دوەمی عێراق لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی و شایستەی کۆمپانیای نەوتی تورکیا کە بۆ هەر بەرمیلێک داوای 7 دۆلار دەکات.
تورکیا داوای شایستەکانی دەکات لەبری رێککەوتنە نەوتییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان
ئەوەشی خستوەتەڕو، مەرجێکی دیکەی تورکیا ئەوەیە کە داوای شایستەکانی دەکات لەبری رێککەوتنە نەوتییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، سەرەڕای کۆمەڵێک مەرجی دیکە کە شاندەکەی تورکیا لەکاتی سەردانی بۆ عێراق خستویەتییە سەرمێزی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، لەبەرامبەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێی بەندەری جەیهانەوە.
لایخۆیەوە سەباح علو، شارەزای بواری نەوت رایگەیاندوە، ئەو سەردانە دوای تێکچونی پەیوەندییە نەوتییەکانی تورکیا و عێراق دێت، دوای بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی بۆ سەرکۆنەکردنی تورکیا لەسەر هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، کە بوەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوت و زیانێکی زۆری بە عێراق و تەنانەت تورکیاش گەیاند.
هەرێم رۆژانە لەنێوان 550 بۆ 600 هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێنێت
ئاماژەی بەوەشکرد، دانوستانەکانی نێوان تورکیا و عێراق لەم دۆسیەیەدا ئەگەری یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان و گەڕاندنەوەی پڕۆسەی هەناردەکردن دەهێنێتە ئاراوە، بەوپێیەی هەرێم رۆژانە لەنێوان 550 بۆ 600 هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێنێت و هەناردەکردنیش لە مەودای 400 بۆ 450 هەزار بەرمیلدایە بۆ هەر رۆژێک.
بۆری جەیهانی تورکیا رۆژانە بە مەزەندە ملیۆنێک و 250 هەزار بەرمیل دەگوازرێتەوە
ئەو شارەزایە رونیشیکردەوە، بۆری جەیهانی تورکیا رۆژانە بە مەزەندە ملیۆنێک و 250 هەزار بەرمیل دەگوازرێتەوە، بۆیە خاڵێکی زۆر گرنگ بۆ داهاتی عێراق پێکدەهێنێت، هەروەها پێویستە بە خێرایی کێشەکان لەگەڵ تورکیا یەکلایی بکرێنەوە بۆ ئەوەی سود بەر هەردو وڵات بگەیەنرێت.
ئەو شارەزایە رونیشیکردوەتەوە، بەرزبونەوەی نرخی نەوت بۆ سەروی 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک کاریگەری لەسەر ئابوری تورکیا و عێراق دەبێت لەڕوی بەدەستهێنانی داهاتی زیاترەوە، بۆیە لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و تورکیا پێویستە سەبارەت بە پرسی بە بازاڕکردنی نەوت لە (کۆمپانیای سۆمۆ) دور لەو رێوشوێنانەی کە حکومەتی هەرێم دەیگرتەبەر لە پرسی مامەڵەکردن لەگەڵ کارەکانی هەناردەکردن، ئەوەش پێویستی بە تێگەیشتن و کۆتاییهێنانی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر هەیە.