بانکی ناوەندی لوبنان: موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران بەدۆلار دابەشدەکەین

07:34 - 26/08/2023

2090جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەسیم مەنسوری، پارێزگاری بانکی ناوەندی لوبنان بە وەکالەت ڕایگەیاند، لەم مانگەدا موچەی کارمەندانی کەرتی گشتی بە دۆلار دابەشدەکرێت، بەڵام قەرز بە حکومەت نادەین بۆ دابینکردنی کورتهێنانی بودجە.

وەسیم مەنسوری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، موچەی کارمەندانی کەرتی گشتی بە دراوی ئەمریکی دەدرێت بە پشتبەستن بە نرخی 85 هەزار و 500 لیرە بەرامبەر بە یەک دۆلار.

ئەم هەنگاوە لە نەبونی چاکسازی پێویستدا، فشار دەخاتەسەر سەر بەهای دۆلار بەرامبەر بە لیرە

ئاماژەی بەوەشکرد، پێدانی موچەی کەرتی گشتی پێویستە بە لیرە بدرێت، بەڵام ئەم هەنگاوە لە نەبونی چاکسازی پێویستدا، فشار دەخاتەسەر سەر بەهای دۆلار بەرامبەر بە لیرە.

بە دۆلار و بە لیرەش قەرز بە حکومەت نادەین

پارێزگاری بانکی ناوەندی لوبنان ئامادەیی بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ بەکارهێنانی هەمو تواناکانی بەمەبەستی جێبەجێکردنی یاسا پێویستەکان لە دانیشتنە یەک لە دوای یەکەکانی پەرلەماندا و وتیشی، "بە دۆلار و بە لیرەش قەرز بە حکومەت نادەین بەمەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، هیچ دراوێکی ناوخۆیی بۆ دابینکردنی ئەم کورتهێنانە چاپ ناکرێت".

دۆخی دراوی وڵات بەرگەی دواخستن ناگرێت

پارێزگاری ناوەندی بە وەکالەت هۆشداریدا لەوەی کە دۆخی دراوی وڵات بەرگەی دواخستن ناگرێت و جەختی لەوە کردەوە، سەقامگیری دراو لە پێشینەی کارەکانە و بە ڕێگەی دراوی تەقلیدی دەپارێزرێت.

وەسیم مەنسوری ئەوەیخستەڕو، ئەو سەقامگیرییە دراوییەی کە بانکی ناوەندی دابینیدەکات پەیوەستە بە هەلومەرجی ئابوری و ئەمنییەوە، بانکی ناوەندیش ناتوانێت سەقامگیری بپارێزێت بەبێ هاوکاری پەرلەمان و حکومەت.

پارێزگاری بانکی لوبنان بە وەکالەت بانگەوازی ئاراستەی هێزە سیاسی و پەرلەمانییەکان کرد کە دەسەڵاتی دراوی و پێداویستییەکانی لە هەر ململانێیەکی سیاسی دوربخەنەوە.

نیشانەکردن

لوبنان