خەندان-
گۆڤاری (foreignpolicy)ی ئەمریكی لەراپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، چەقبەستویی سیاسی سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆری توركیاوە دەبێتە هۆی لێدان لە بازاڕی جیهانی، هەروەها لەو ڕێگەیەوە توركیا دەیەوێت گەمارۆ بخاتەسەر عێراق و حكومەتی هەرێمیش بەرەو ڕوخان ببات.
بەگوێرەی راپۆرتێكی گۆڤاری (foreignpolicy)، پێنج مانگ تێدەپەڕێت بەسەر ئەوەی توركیا هەناردەكردنی نەوتی عێراقی ڕاگرت دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس لە بەرژەوەندی عێراق، دوای ناكۆكییەكی یاسایی نێودەوڵەتی كە بۆ ماوەی نۆ ساڵ لە نێوان هەردو وڵاتدا بەردەوام بو.
كاردانەوە ئابوری، سیاسی، یاسایی و ململانێكان لەسەر نەوت وایانكرد، سەردانی ئەردۆگان بۆ بەغدا دوابكەوێت
ئاماژەی بەوەشكردوە، كاردانەوە ئابوری، سیاسی، یاسایی و ململانێكان لەسەر نەوت وایانكرد، سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا بۆ بەغدا لەم مانگەدا كە بەسەردانێكی مێژویی وەسفدەكرا دوابكەوێت.
پێناچێت سەردانەكەی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ بەغدا هیچ ئەنجامێكی بەدەست هێنابێت
ئەو گۆڤارە ئاشكراشیكردوە، "پێناچێت سەردانەكەی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ بەغدا هیچ ئەنجامێكی بەدەست هێنابێت، لەگەڵ ئەوەی بەفەرمی دانی گەمارۆی نەوتی دژی عێراقدا نەناوە، بەو پێیەی لەو كاتەوەی دادگای ناوبژیوانی لە پاریس بە قەرەبوكردنەوەی یەك ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاریدا، وەڵامی توركیا ئەوەبو كە رێگری لە هەناردەكردنی نزیكەی 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بگاتە بازاڕە جیهانییەكان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە.
ئەردۆگان هەوڵیداوە تاوانەكە بخاتە ئەستۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی نێوان حكومەتی ناوەندی عێراق و حكومەتی هەرێم
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەردۆگان هەوڵیداوە تاوانەكە بخاتە ئەستۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی نێوان حكومەتی ناوەندی عێراق و حكومەتی هەرێم، بەڵام بەرپرسانی عێراق و حكومەتی هەرێم ئەوە ڕەتدەكەنەوە و لەبری ئەوە توركیا تۆمەتبار دەكەن.
ئەو گەمارۆیەی توركیا دەبێتە هۆی ناسەقامگیری بۆرییەك كە گرنگییەكی ناوەندی هەیە بۆ سەقامگیری ئابوریی ناوچەكە و جیهان
لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوەشخراوەتەڕو، ئەو گەمارۆیەی توركیا بۆ ماوەیەكی زۆر بەسەر هەناردەكردنی نەوتی عێراقدا سەپاندویەتی و هەوڵەكانی بۆ فشارخستنە سەر عێراق بۆ پابەندبون بە داواكارییەكانی، دەبێتە هۆی ناسەقامگیری بۆرییەك كە گرنگییەكی ناوەندی هەیە بۆ سەقامگیری ئابوریی ناوچەكە و جیهان و بەرزبونەوەی نرخی نەوت لەجیهاندا
داهاتی هەناردەكردنی نەوت نزیكەی 89% بودجەی ساڵانەی حكومەتی هەرێم پێكدەهێنێت
بەگوێرەی راپۆرتەكە، داهاتی هەناردەكردنی نەوت نزیكەی 89% بودجەی ساڵانەی حكومەتی هەرێم پێكدەهێنێت، ئەمەش تەواوی ئیدارەی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە، جگە لەوەش دەتوانێت ئابوری هەرێمی كوردستان لەناوببات و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی داڕمانی حكومەتی سەربەخۆیی هەرێم، لەكاتێكدا ساڵانێكە ئابوری حكومەتی هەرێم لەگەڵ بڕینی بودجە لەلایەن حكومەتی فیدراڵی عێراقەوە روبەڕوی قەیران بۆتەوە، ئەگەر دۆخەكە بە چارەسەرنەكراوی بمێنێتەوە، دەتوانێت شەپۆلێكی تێكدەرانەی كۆچكردن هان بدات؛ دەیان هەزار هاوڵاتی كورد لە ئێستاوە كۆچیان كردوە بۆ ئەوروپا و دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا زیاتریش ببێت.
كورتهێنانی گەورەی بودجە لە هەردو حكومەتی هەرێم و بەغدا دروستدەكات
گۆڤاری (foreignpolicy)ی ئەمریكی لەبارەی كاریگەریە ئابوریەكانی بڕیارەكەی توركیا بۆ رێگریكردن لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئاشكرایكردوە، "كورتهێنانی گەورەی بودجە لە هەردو حكومەتی هەرێم و بەغدا دروستدەكات، دەتوانێت ببێتە هۆی ناسەقامگیرییەكی كارەساتبار لە ناوچەكەدا، بەجۆرێك گروپە چەكدارەكانی وەك داعش دەتوانن سودی لێ وەربگرن و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی ناسەقامگیری زیاتر و عێراق مەترسی ئەوەی لەسەرە قەڵغانی سەرەكی خۆی لە بەرامبەر دەوڵەتی ئیسلامی لەدەست بدات- بەتایبەتی ئەگەر هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێم ناچاربن ئەو سەرچاوانەی تەرخانكراون بۆ پاسەوانیكردنی تۆڕی دەستبەسەركردنی حكومەتی هەرێم هەڵبگرن .
گۆڤارەكە راشیگەیاندوە، هەرچەندە هەولێر و بەغدا لە سەرەتای مانگی (نیسان/4)ی ئەمساڵ گەیشتنە ڕێككەوتن، ئەمەش هیوای ئەوە بو كە توركیا هیچ بیانویەكی دیكەی نەبێت بۆ ئەوەی لە دوای هەڵبژاردنەكانی مانگی (ئایار/5)ی داهاتو دەست بە هەناردەكردن بكاتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ نیشانەیەك بۆ پێشكەوتنی مانادار لە لایەنی ئەنقەرەوە دەرنەكەوتوە.