خەندان-
چوار کەشتیوانی ئاسمانی بە نوێنەرایەتیی چوار وڵات لە سەرانسەری جیهان و ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا (ناسا) لە رێگەی کەپسولی Dragon Endurance و بە موشەکی دروستکراوی کۆمپانیای SpaceX بەرەو ئاڕاستەی وێستگەی بۆشایی ئاسمان گەشتیانکرد، لە میانەی ئەرکێکدا کە پێشبینی دەکرێت زیاتر لە شەش مانگ بخایەنێت.
موشەکەکە لە کاتژمێر 3:27 سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە، بە کاتی ناوەندی ئەو وڵاتە هەڵدرا
ئەرکەکە ناوی Crew-7ی لێنراوە و موشەکەکەش لە سەنتەری بۆشایی ئاسمانی (کەنەدی) سەر بە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا (ناسا) لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا لە کاتژمێر 3:27 سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە، بە کاتی ناوەندی ئەو وڵاتە هەڵدرا.
بەپێی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا (ناسا)، ئەوە دوەمین هەوڵە بۆ دەستپێکردنی ئەرکی Crew-7 بەو پێیەی هەوڵەکە دوێنێ هەینی لەلایەن بەڕێوەبەرانییەوە هەڵوەشایەوە.
دوێنێ بەنیازبون پرۆسەی هەڵدانی موشەکەکە بەڕێوەببەن بەڵام لەناکاو دواکەوتنی هەڵدانی موشەکەکەیان راگەیاند
لەوبارەیەوە، ناسا
رایگەیاند، هەردو ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا (ناسا) و کۆمپانیای SpaceX بەرەبەیانی دوێنێ هەینی بەنیازبون پرۆسەی هەڵدانی موشەکەکە بەڕێوەببەن، بەڵام شەوی پێنجشەممە لەناکاو بەرپرسان دواکەوتنی هەڵدانی موشەکەکەیان راگەیاند بۆ ئەوەی کاتێکی زیاتر بە ئەندازیارانی موشەکەکە بدرێت بۆ 'دڵنیابونەوە لە هۆکارە سەلامەتییە پێویستەکان' لەسەر سیستمی پشتگیریی ژیانکردن لەسەر کەپسولی Dragon Endurance.
بڕیارە کەپسولەکە 8:50 بەرەبەیانی سبەی لە وێستگەی بۆشایی ئاسماندا جێگیربێت و شەش مانگ لە ئەرکەکەیدا بمێنێتەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو چوار کەشتیوانەی لە ئەرکی Crew-7دا بەشدارن بریتین لە یاسمین مۆکبێلی سەر بە ناسا و فەرماندەی ئەرکەکە، ئەندرێاس مۆگنسن کەشتیوانی دانیمارکی کە نوێنەرایەتی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا دەکات، ساتۆشی فوروکاوا لە دەزگای گەڕانی ئاسمانی ژاپۆن و کۆنستنتین بۆریسۆڤ کەشتیوانی روسی.
بڕیارە کەپسولی Dragon Endurance ی کۆمپانیای SpaceX کاتژمێر 8:50 بەرەبەیانی سبەی یەکشەممە لە وێستگەی بۆشایی ئاسماندا جێگیربێت و بۆ ماوەی شەش مانگ لە ئەرکەکەیدا بمێنێتەوە.