پریگۆژین لە چێشتلێنەری پوتنەوە بۆ بەڵێندەریی و دواتر سەرۆکی ڤاگنەر

02:51 - 24/08/2023

3735جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هێشتا نهێنی چارەنوسی یێڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەری ڕوسیا و هاوپەیمانی پێشوی سەرۆک ڤلادیمیر پوتن "پێش یاخیبون لە دژی" دیارنییە، دوای ئەوەی شەوی رابردو مۆسکۆ کوژرانی لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکدا پشتڕاستکردەوە، ناوبراو لە لوتکەی یەکەمین لەشکرکێشی روسیا بۆ سەر رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لە هاوینی 2014 رۆڵی بینی، دوای ئەوەی پوتن داوای دروستکردنی گروپە تایبەتەکەی لێکرد.

ئەو ڤیدیۆیانەی کە شەوی رابرد بە شێوەیەکی بەرفراوان لە میدیاکانی روسیادا بڵاودەکرانەوە، پاشماوەی فڕۆکەیەکیان پیشان دەدا کە بە تەواوی لەت بوە و هێشتا لەسەر زەوی دەسوتێت، هەروەها دیمەنی دیکەی ساتەکانی کەوتنەخوارەوەی لە ئاسمانەوە بڵاوکرایەوە.

روسیا پشتڕاستی کردەوە، کە ناوی سەرۆکی ڤاگنەر لە لیستی سەرنشینانی فڕۆکەکەدا بو.
روسیا دەڵێت، ئەو فڕۆکە تایبەتەی کە کەوتوەتە خوارەوە حەوت سەرنشینی هەڵگرتبو، جگە لە سێ ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی، هاوکات لە راگەیەندراوێکی دەزگای گواستنەوەی ئاسمانی فیدڕاڵی روسیادا پشتڕاستیکردوەتەوە، کە ناوی سەرۆکی ڤاگنەر لە لیستی سەرنشینانی فڕۆکەکەدا بو.
 
یەڤگێنی پریگۆژین کێیە و چۆن دەسەڵاتی سەربازیی بەدەستهێنا؟

لە لوتکەی یەکەمین لەشکرکێشی روسیا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، لە هاوینی 2014، کۆمەڵێک بەرپرسی باڵای روسیا لە بارەگای وەزارەتی بەرگری لە بینایەکی سەرنجڕاکێشی سەردەمی ستالین، لە کەناری روباری مۆسکڤا لە مۆسکۆ کۆبونەوە، بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ یڤگێنی پریگۆژین.
پریگۆژین پیاوێک بو لە ناوەڕاستی تەمەنیدا بو، سەرڕوت و دەنگی تۆنێکی توندی هەبو
پریگۆژین پیاوێک بو لە ناوەڕاستی تەمەنیدا بو، سەرڕوت و دەنگی تۆنێکی توندی هەبو، زۆرێک لەو بەرپرسانەی لەو ژورەدا کۆبونەوە، باش دەیانناسی، نەک لەبەر ئەوەی کەسێکی بەڕێز بو، بەڵکو لەبەر ئەوەی بەڵێندەر بو بۆ دابینکردنی خواردن و خواردنەوە بۆ سوپا.

لەو کۆبونەوەیەدا پریگۆژین لەوێ نەبو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی چێشتخانە، بەڵکو لەسەر داواکارییەکی تەواو جیاواز بو، کە بریتی بو لە وەرگرتنی پارچە زەوییەک لە وەزارەتی بەرگری کە بتوانێت بەکاری بهێنێت بۆ راهێنانی خۆبەخشەکان، کە هیچ پەیوەندییەکی فەرمییان لەگەڵ روسیادا، بەجۆرێک کە لەبری سوپای روسیا بۆ شەڕکردن بەکاریان بهێنێت، واتا بە واتایەکی دیکە بۆ دامەزراندنی میلیشیایەکی نافەرمی سوپای روسیا.
یڤگنی پریگۆژین لە ساڵی 1961 لە شاری سانت پترسبۆرگ لەدایک بوە
یڤگنی پریگۆژین لە ساڵی 1961 لە شاری سانت پترسبۆرگ لەدایک بوە، کە ئەوکات بە "لینینگراد" ناسراوە، واتا تەنها 9 ساڵ لە ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا بچوکترە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی ریامۆی ڕوسی، باوکی پریگۆژین لە تەمەنی گەنجیدا گیانی لەدەستداوە، لە کاتێکدا دایکی پزیشک بوە و لە نەخۆشخانەیەک کاریکردوە.

لەکاتێکدا ئامۆزای پریگۆژین لە لای باوکییەوە ئەندازیاری بەناوبانگی سۆڤیەت و پێشەنگی پەرەپێدانی یۆرانیۆم ئەفیم ئیلیچ پریگۆژینە، کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە گوندی ژۆڤتی ڤۆدی لە ناوەڕاستی ئۆکرانیا ژیاوە و کاریکردوە، کە لە ساڵی 1999 کۆچی دوایی کردوە.
پریگۆژین و یەکەمین دزی
لە تەمەنێکی بچوکدا لەلایەن باوکی ھاوسەرەکەیەوە کە راھێنەری خلیسکێنەی سەر بەفر بو بەناوی ساموێل فریدمانۆڤیچ ژارکۆی پەروەردە کرا، تەنانەت لە قوتابخانەی بەشەناوخۆیی خلیسکێنە خوێندویەتی، بەڵام پریگۆژین نەبوە وەرزشوانێکی پیشەگەر.
پریگۆژین لە تەمەنی 18 ساڵیدا بە تاوانی دزیکردن سزا دراوە
پریگۆژین لە تەمەنی 18 ساڵیدا بە تاوانی دزیکردن سزا درا، ئێوارەیەک لە ساڵی 1980 پریگۆژین و سێ هاوڕێی کافێیەکی نزیک لە شاری سانت پترسبۆرگیان بەجێهێشت و دەبینن، کە ژنێک بە تەنیا بە شەقامێکی تاریکدا دەڕوات، یەکێک لە هاوِێکانی پریگۆژین بە داوای جگەرەیەک ژنەکەی سەرقاڵ کرد و کاتێک جانتاکەی کردەوە پریگۆژین هاتە پشتییەوە و ملی گرت و فشاری خستە سەری تا بێهۆش بو، پاشان هاوڕێکەی پێڵاوەکانی داکەند، لەکاتێکدا پریگۆژین بە لێزانی گوارە زێڕینەکانی دەرهێنا و خستییە گیرفانی، پێش ئەوەی هەڵبێن، ژنەکەیان لە شەقامەکەدا بەجێهێشت.

دوای چەند رۆژێک پریگۆژین دەستگیرکرا و سزای دو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دادگای سۆڤیەت لەبری ئەوەی پریگۆژین لە زینداندا بهێڵێتەوە، بڕیاریدا سزای "ئیعدامی هەڵپەسێردراو"ی بەسەردا بسەپێنرێت.

ئەوەش بۆ ئەوەیە کە سودی لێ وەربگرێت بە ناردنی بۆ کارکردن لە کارگەیەکی کیمیایی لە شاری نۆڤگۆرۆد، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی جددیەتی خۆی بسەلمێنێت بە کارکردن بۆ ئەوەی کارێک لەوێ دەستبکەوێت دوای تەواوبونی سزاکەی، بەڵام تەنها چەند هەفتەیەکی بەسەربردوە و جارێکی دیکە بەرەو سانت پترسبۆرگ هەڵدێن.
کاتێک پریگۆژین گەڕایەوە بۆ شارەکەی، دیسانەوە لەگەڵ هەندێک هاوڕێی خراپدا دەستی بە دزیکردن کردوە
کاتێک پریگۆژین گەڕایەوە بۆ شارەکەی، دیسانەوە لەگەڵ هەندێک هاوڕێی خراپدا دەستی بە دزیکردن کردوە، تەنها لە ساڵی 1981دا جارێکی دیکە دەستگیرکرانەوە و سزای 13 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

هەرچەندە حوکمەکەی بۆ ماوەی 13 ساڵ بو، بەڵام تەنها 9 ساڵ لە زینداندا بو، لە ساڵی 1990 لێی خۆشبون و ئازادکرا، ئەوکاتە یەکێتی سۆڤیەت لە لێواری مردن و هەڵوەشانەوە بو.

لە دزییەوە بۆ سۆسیس فرۆش

دوای ئازادبونی لە زیندان، پریگۆژین گەڕایەوە بۆ سانت پترسبۆرگ و بڕیاریدا بە رەنجی شانی پارە پەیدا بکات، دەستیکرد بە فرۆشتنی سۆسیس بە کوڵاندنی سۆسیس و دروستکردنی خەردەل لە چێشتخانەی شوقەکەی خێزانەکەی.
لە ساڵی 1990، لە ناوچەی ئەبروشکا، یەکەم کەس بوم کە دەستم بە فرۆشتنی هۆت دۆگ کردوە
لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی گۆڤاری ئۆنلاین "گۆرۆد 812"ی سانت پترسبۆرگ، وتی، "لە ساڵی 1990، لە ناوچەی ئەبروشکا، یەکەم کەس بوم کە دەستم بە فرۆشتنی هۆت دۆگ کرد لە سانت پترسبۆرگ".
 لە چێشتخانەکەدا دایکم داهاتەکەی بۆ دەژماردم و مانگانە هەزار دۆلارم دەستدەکەوت
لە تاکە چاوپێکەوتنەکەیدا لە ساڵی 2011دا باسی لەوەکردوە، "خەردەل لە شوقەکەمدا دەکوڵێنرا، لە چێشتخانەکەدا دایکم داهاتەکەی بۆ دەژماردم و مانگانە هەزار دۆلارم دەستدەکەوت، کە بڕێکی زۆر بو بە دراوی رۆبڵ".

پریگۆژین هەروەها دوپاتی کردەوە کە دوای بەدەستهێنانی پارەی زۆر، بڕیاریدا پەیوەندی بە پەیمانگای لینینگراد بکات، بۆ ئەوەی ببێتە دەرمانساز، بەڵام بە دانپێدانانی شەخسی خۆی، نەیتوانیوە خوێندنەکەی تەواو بکات.
پریگۆژین کەسێکی خۆپەرست بوە و چاوەکانی لە تەنها فرۆشتنی سۆسیس بەرزتر دانابو
پریگۆژین کەسێکی خۆپەرست بوە و چاوەکانی لە تەنها فرۆشتنی سۆسیس بەرزتر دانابو، بۆیە هەمیشە دەیزانی چۆن پەیوەندی لەگەڵ کەسانی سەروی خۆیەوە بکات، هەروەها هەمیشە بەدوای کەسانی بەرزترین ئاستدا دەگەڕا بۆ ئەوەی هاوڕێیەتیان بکات.

لە چێشتخانەیەکی ستریپەوە تا چێشتلێنەری پوتن

زۆری نەخایاند پریگۆژین خاوەنی پشکێک بو لە زنجیرەیەک مارکێت و لە ساڵی 1995 بڕیاریدا کە کاتی ئەوە هاتوە چێشتخانەیەک لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییەکانی بکاتەوە.

پریگۆژین بەڕێوەبەرێکی هۆتێلی بریتانی بە ناوی "تۆنی گێر"ی بەکرێ گرت بۆ ئەوەی ببێتە بەڕێوەبەری یەکێک لە دوکانەکانی شەرابەکەی، دواتر وەک بەڕێوەبەری چێشتخانە نوێیەکەی لە دورگەی ڤاسیلیڤسکی لە سانت پترسبۆرگ داینا.
پەنایان بردە بەر فێڵێک بۆ ئەوەی کڕیارەکان لە چێشتخانە نوێیەکەیان کۆبکەنەوە کە بریتییە لە هێنانی "کچان"
سەرەتا پریگۆژین و تۆنی گێر پەنایان بردە بەر فێڵێک بۆ ئەوەی کڕیارەکان لە چێشتخانە نوێیەکەیان کۆبکەنەوە، کە بریتییە لە هێنانی "کچان" بۆ ئەوەی خەڵک ڕابکێشن، بەڵام زۆری نەخایاند هەواڵەکە بڵاوبوەوە و بیرۆکەکەیان ئاشکرا بو.

تۆنی گێر سەرنجی لەسەر بە بازاڕکردنی چێشتخانەکە بو وەک بەرزترین شوێنی نانخواردن لە شارەکەدا و بوە شوێنێکی سەرەکی بۆ بازرگانان و هونەرمەندان بۆ نانخواردن، لەنێویاندا سەرۆکی شارەوانی سانت پترسبۆرگ.
 پریگۆژین کەسێکی زۆر توند و تیژ بوە
تۆنی گێر کە تا ئێستا لە سانت پترسبۆرگ دەژی، لە چاوپێکەوتنێکی پێشوی لەگەڵ رۆژنامەی ئارگومێنتی ئای فاکتی ڕوسیدا پشتڕاستی کردەوە، کە پریگۆژین کەسێکی زۆر توند و تیژ بوە، بەجۆرێک کە "ئامێری بینینی"ی تایبەتی بەکارهێناوە بۆ دەستنیشانکردنی تۆز و خۆڵەکەی لەسەر مێزەکان و رۆژانە بەکاری دەهێنا بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی پاککەرەوەکان کارەکانیان بە باشی ئەنجامداوە.

پریگۆژین بۆ ماوەی چەندین ساڵ وەک خاوەنی باشترین چێشتخانەی روسیا ناسراو بو، تا ساڵی 2002، تا ئەوکاتەی پوتن بو بە سەرۆکی ڕوسیا.
 پوتن زۆرجار حەزی دەکرد لە زێدی خۆی لە سانت پترسبۆرگ چاوی بە کەسایەتییە بیانییەکان بکەوێت
لە ساڵانی سەرەتای دەسەڵاتی خۆیدا، پوتن زۆرجار حەزی دەکرد لە زێدی خۆی لە سانت پترسبۆرگ چاوی بە کەسایەتییە بیانییەکان بکەوێت، هەندێکجاریش دەیانبردە یەکێک لە چێشتخانەکانی پریگۆژین، کە خۆی بۆ پوتن و میوانەکانی دابین دەکرد.

پریگۆژین دەڵێت، "پوتن بینی کە من ئەوەندە پاک و بێگەردم، کە خۆم خواردنەکانم ئامادە کردوە، ئەوە سەرەتای پەیوەندیی من بو لەگەڵ سەرۆکی روسیا کە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو گەشە دەکات و بڵاودەبێتەوە".
 پریگۆژین دەستیکرد بە بردنەوەی گرێبەست بۆ خزمەتکردنی بۆنە گەورەکانی حکومەت لە ڕێگەی کۆمپانیای کۆنکۆردەوە
زۆری نەخایاند، پریگۆژین دەستیکرد بە بردنەوەی گرێبەست بۆ خزمەتکردنی بۆنە گەورەکانی حکومەت لە ڕێگەی کۆمپانیای کۆنکۆردەوە، کۆمپانیایەکی هەڵگرتن کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا دروستی کرد و لە ساڵی 2012دا زیاتر لە 10.5 ملیار ڕوبڵ (200 ملیۆن پاوەند)ی بەدەستهێناوە لە گرێبەستەکانی دابینکردنی خۆراک بۆ قوتابخانەکانی مۆسکۆ.

لە چێشتلێنەری پوتنەوە تا فەرماندەی سەربازی ناڕێک و پێک
پریگۆژین لە ساڵی 2014وە دەرفەتێکی باشی وەرگرت بۆ ئەوەی گروپی سەربازی خۆی دروست بکات، بە تایبەت کە پوتن لەوکاتەدا رەتیکردەوە کە هێزی ئاسایی روسیا لە هیچ شتێکدا لە ئۆکرانیادا بەشدار بن.
 پریگۆژین پێشنیاری بۆ ڤلادیمیر پوتن کردوە تا گروپێکی بەکرێگیراو دابمەزرێنێت
بەرپرسێکی پێشوی وەزارەتی بەرگری روسیا بە رۆژنامەی گاردیانی بریتانی راگەیاندوە، پریگۆژین پێشنیاری بۆ ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕوسیای کردوە تا گروپێکی بەکرێگیراو دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی شانبەشانی جوداخوازانی ئۆکرانیا لە شەڕەکەیاندا بجەنگن بۆ ئەوەی بچنە ناو روسیا.

لە میانی دیدارەکەدا پریگۆژین داوای لە وەزارەتی بەرگری روسیا کردوە کە پارچە زەوییەکی پێبدات تا بیکاتە بارەگای سەربازی بۆ مەشقپێکردنی خۆبەخشەکان بۆ گروپەکەی.
پریگۆژین وتویەتی، فەرمانەکان لە "باوکم"ەوە هاتون وەک ئاماژە بۆ پوتن
هەرچەندە زۆرێک لە بەرپرسانی کۆبونەوەکە داواکەی پریگۆژینیان بەدڵ نەبوە، بەڵام داواکارییەکی ئاسایی وەرگیراوە، پریگۆژین وتویەتی، فەرمانەکان لە "باوکم"ەوە هاتون، (ئاماژەیە بۆ ڤلادیمیر پوتن).

هەرچەندە گروپی ڤاگنەر لە ساڵی 2014 بە چەند سەد خۆبەخشێک دەستی پێکرد، بەڵام لە چەند ساڵی رابردا ژمارەیان گەیشتە هەزاران کەس، ڤاگنەر بو بە پارتێکی گەورە کە بەناوی سوپای روسیا لە هەردو وڵاتی سوریا و ئۆکرانیا شەڕ دەکات، جگە لە نزیکەی دەیان وڵاتی ئەفریقا، لەوانەش لیبیا و سودان و مالی، ئەفریقای ناوەڕاست و زیمبابۆی و ئەوانی تر.

روبەڕوبونەوەی حەتمی سەرۆک و چێشتلێنەرەکەی
24ی حوزەیرانی 2023، روسیا بە گەورەترین هەڵکشانی نێوان هێزەکانی ڤاگنەر و سوپای روسیا بە ئاگاهات، ئەو ململانێیە نائارامکەر بو بۆ کرێملین، دوای ئەوەی پریگۆژین سوپای روسیای تۆمەتبار کرد بە کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی لەبۆردومانێک کە پێگەکانی دواوەیان لە ئۆکرانیا کردە ئامانج، تۆمەتێک کە مۆسکۆ رەتیکردەوە، داوای لە چەکدارانی ڤاگنەر کرد دەستگیری بکەن بە تۆمەتی "داواکردنی یاخیبونی چەکداری".

پریگۆژین رایگەیاندبو، هێزەکانی گەیشتونەتە شاری "رۆستۆڤ"ی روسیا، گەمارۆی بارەگای ناوچەی سەربازی باشوریان داوە، ئەو دیمەنانەی لە سۆشیال میدیادا بڵاوبونەتەوە دەریانخست چەکدارانی ڤاگنەر لە دەوروبەری بینای بارەگاکانی وەزارەتی روسیا جێگیرکراون.

پریگۆژین هەروەها وتی، لەگەڵ پیاوەکانیدا هەمو ئەوانەی لە رێگایان وەستاون لەناو دەبەن، بەڵام دواتر بە نێوەندگیری سەرۆکی بیلاڕوسیا، پێشڕەویی هێزەکانی بۆ مۆسکۆ راگیرا و تەواوی تۆمەتەکانی سەری هەڵگیرا و گوازرایەوە بۆ بیلاڕوسیا.

نیشانەکردن

روسیا