خەندان-
رۆژنامەیەكی لەندەنی بڵاویكردەوە، سەردانەكەی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ بەغدا واتایەكی بەرچاوی هەڵگرتوە، بەتایبەتی كە هاوكاتە لەگەڵ سەردانێكی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بۆ ئەنقەرە، كە لە هاوتا توركەكەیەوە قسەی "نابڕواپێكەر"ی سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بیستوە و سەردانەكەشی شكستخواردو بوە.
رۆژنامەی (العرب)ی لەندەنی بڵاویكردۆتەوە، بازنە سیاسییەكانی عێراق دەڵێن، كارەكان لەگەڵ لایەنی توركیادا بە ئاسانی بەڕێوە ناچن سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، هەروەها بە ڕواڵەت ئەنقەرە هەوڵدەدات ئەم دۆسێیە وەك كارتێك بۆ ناچاركردنی بەغدا بەكاربهێنێت سەبارەت بەو دۆسێیانەی دیكە كە ڕەهەندی سیاسی و ئەمنیان هەیە.
زانیاریەكان باس لە نەبونی پێشكەوتن لەگەڵ لایەنی توركیا دەكەن
ئەم بازنانە ئاماژە بە سەردانەكەی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا دەكەن بۆ بەغدا ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، هاوكات لەگەڵ ئامادەبونی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە ئەنقەرە، كە ڕۆژی دوشەممە سەردانەكەی بۆ دەستپێكرد، ئەمەش لەكاتێكدایە زانیاریەكان باس لە نەبونی پێشكەوتن لەگەڵ لایەنی توركیا لە دۆسیەی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكەن.
سەردانەكەی هاكان فیدان ئاماژەیە بۆ بونی داواكاری توركیا كە لەوە زیاتر دەچێت كە ڕاگەیەندراوە
هەر بەگوێرەی رۆژنامەكە، هەمان بازنەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە سەردانەكەی هاكان فیدان كە پێشتر سەرپەرشتیاری دۆسیەی پەیوەندییەكان بوە لەگەڵ عێراق كاتێك بەرپرسی دەزگای هەواڵگری توركیا بوە، ئاماژەیە بۆ بونی داواكاری توركیا كە لەوە زیاتر دەچێت كە ڕاگەیەندراوە و ئەو پرسە لە دابینكردنی نەوت پەیوەندی بە لایەنە تەكنیكییەكانەوە نییە، چونكە هەردو وڵات هەوڵیاندا بازاڕ بۆ نەوت بدۆزنەوە.
فیدان بە سەردانێكی فەرمی گەیشتوەتە بەغدا كە ماوەی دو ڕۆژ دەخایەنێت
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، فیدان بە سەردانێكی فەرمی گەیشتوەتە بەغدا كە ماوەی دو ڕۆژ دەخایەنێت، بەبێ ئەوەی وردەكاری زیاتر بخاتەڕو.
وەزیری نەوتی عێراق و هاوتا توركەكەی نەگەیشتونەتە ڕێككەوتن
پێشتر دو سەرچاوەی ئاگادار ڕایانگەیاندبو، وەزیری نەوتی عێراق و هاوتا توركەكەی نەگەیشتونەتە ڕێككەوتن لەسەر دەستپێكردنەوەی دەستبەجێی هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە، بەڵام ڕێككەوتون لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتر لە داهاتودا.
توركیا لە 25ی (ئازار/3)ی ئەمساڵ هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی ڕاگرت
توركیا لە 25ی (ئازار/3)ی ئەمساڵ هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی ڕاگرت، دوای ئەوەی دەستەی ناوبژیوانی دادگای نێودەوڵەتیی نێودەوڵەتی بڕیاریدا ئەنقەرە قەرەبوی بەغدا بكاتەوە بە بڕی نزیكەی 1.5 ملیار دۆلار بۆ ئەو زیانانەی كە بەهۆی هەناردەكردنی نەوتی نایاسایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018 توشی بوە.
هەمو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا تا ئێستا نەیانتوانیوە كۆنتڕۆڵكردنی نفوزی توركیا بكەن
رۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكراكردوە، "بەدوری نازانرێت توركیا داواكارییەكانی دیكە بۆ بەغدا بخاتەڕو بەئامانجی نەهێشتنی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، هەمو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا تا ئێستا نەیانتوانیوە كۆنتڕۆڵكردنی نفوزی توركیا بكەن، چونكە پەكەكە هێشتا گورزی بە ئازار لە هێزەكانی توركیا دەدات، هاوكاریی نزیكیشیان لەگەڵ میلیشیا عێراقییەكانی دڵسۆز بۆ ئێران هەیە.
كۆبونەوەكەی وەزیری عێراق لەگەڵ هاوتا توركییەكەی بوە
وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردوە، كۆبونەوەكەی وەزیری عێراق لەگەڵ هاوتا توركییەكەی بوە هۆی ئەوەی ڕێگە بە توركیا و عێراق درا بۆ تەواوكردنی نۆژەنكردنەوەی ئەو بۆرییە پێش دەستپێكردنەوەی ڕۆیشتنی نەوت.
توركیا پێویستی بە كاتی زیاترە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم
بەرپرسێكی وەزارەتی نەوتی عێراق كە ئاگاداری كارەكانی هەناردەكردنی نەوتە لە باكوری وڵاتەوە ڕایگەیاند، وەزارەتی وزەی توركیا مانگی ڕابردو كۆمپانیای دەوڵەتی بەبازاڕكردنی نەوتی عێراقی (سۆمۆ) ئاگادار كردەوە كە پێویستی بە كاتێكی زیاترە بۆ دڵنیابون لە لایەنی تەكنیكی دەستپێكردنەوەی لە ڕێگەی بۆرییەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، مانگی ڕابردو وەزارەتی وزەی توركیا كۆمپانیای سۆمۆی ئاگاداركردۆتەوە كە پێویستی بە كاتێكی زیاترە بۆ پشكنین و هەڵسەنگاندنی بۆری و تانكی نەوتی خاو لە جەیهان بۆئەوەی دڵنیابن لەوەی بەهۆی ئەو بومەلەرزەیەی توركیای گرتەوە زیانیان پێنەگەیشتوە.
وا ئاسان نییە بەم نزیكانە لەگەڵ توركیا بگەینە ڕێككەوتن
بەرپرسێكی وەزارەتی نەوتی ئاگادار لە كۆبونەوەكە دەڵێت، "وا ئاسان نییە بەم نزیكانە لەگەڵ توركیا بگەینە ڕێككەوتن، زۆر كێشە و ناكۆكیمان هەیە، توركیا داواكاری و مەرجی هەیە كە پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە".
بڕیاربو ئەم مانگە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا سەردانی عێراق بكات، بەڵام هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ سەردانەكەی.