خەندان-
ئەندامێكی لیژنەی باڵای پێوەری زیرەك لەوەزارەتی كارەبای هەرێم رایدەگەیەنێت، نرخی كارەبا لەگەڕەكە ئاساییەكان وەك خۆی دەمێنێتەوە و زیاد ناكرێت، دەشڵێت، "بەهۆی سیستمی پریپەیدەوە 320 مۆلیدە كوژێندراونەتەوە".
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی كارەبا، عەلی ئیسماعیل ئەندامی لیژنەی باڵای پێوەری زیرەك رایگەیاندوە، "بەهۆی سیستەمی پریپەیدەوە 320 مۆلیدە كوژێندراونەتەوە، كارەبای 55 هەزار بەشداربو كراونەتە پریپەید كە پێكدێن لە 40 هەزار هاوبەشی سیتیەكان و 10 هەزاریش هاوبەشی بازرگانی".
لە كۆی 25 هەزار بەشداربو، حەوت هەزار سەرپێچیی كارەبا بنبڕ كراون
دەشڵێت، "سیستەمی پریپەید لە 19 سیتی هەولێر، بەكارهێنانی كارەبا لە 34 مێگاواتەوە بۆ 27 مێگاوات دابەزاندوە، لە كۆی 25 هەزار بەشداربو، حەوت هەزار سەرپێچیی كارەبا بنبڕ كراون".
نرخی كارەبا لە نێوان 30 بۆ 40% لەسەر هاوڵاتیان هەرزانتر دەكەوێت
ئاماژەی بەوەشكردوە، "بەهۆی سیستەمی پریپەیدەوە، نرخی كارەبا لە نێوان 30 بۆ 40% لەسەر هاوڵاتیان هەرزانتر دەكەوێت، نرخی بەرزیش تایبەتە بە چەند پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان، كارەباكەشیان بە نرخێكی تایبەتی خۆیان بەردەوام دەبێت".
ئەوەشی ئاشكراكردوە، "لە گەڕەكە ئاساییەكان نرخی كارەبا هەر بە نرخی ئێستا دەبێت و تەنیا شێوازی پارەدانەكەی پێشوەختە دەبێت".