خەندان
شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە میانی کۆڕبەندی بازرگانی بریکسدا رایگەیاند، جیهان شاهیدی گۆڕانکاری بێ وێنەیە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چوار ڕێیاندایە، داواشی کرد هەنگاوی بەکۆمەڵ بۆ تێپەڕاندنی جیاوازی و ململانێکان بنرێت، دەشڵێت، "نامانەوێت شەڕێکی ساردی نوێ بێتە ئاراوە".
وتەکانی شی جینپینگ لە بەیاننامەیەکی ئامادەکراودا هات کە لەلایەن وانگ وێنتاو وەزیری بازرگانی چین لە کۆڕبەندی بازرگانی بریکسدا لە شاری جۆهانسبێرگ خوێندرایەوە، کە برازیل، ڕوسیا، هیندستان، چین و باشوری ئەفریقا لەخۆدەگرێت، سەرۆکی چین باسی لەوەکرد، "ئابوری چین تۆکمەیە و توانا و زیندویییەکی گەورەی هەیە".
نامانەوێت شەڕێکی ساردی نوێ بێتە ئاراوە و بلۆکەکان لەگەڵ یەکتردا ناکۆک بن
وتیشی، "نامانەوێت شەڕێکی ساردی نوێ بێتە ئاراوە و بلۆکەکان لەگەڵ یەکتردا ناکۆک بن، بەڵکو سەقامگیری و خۆشگوزەرانیمان دەوێت و ئەوەش لۆژیکی گەشەسەندنی مرۆڤایەتییە".
لە جەنگی جیهانی دوەم و جەنگی سارد وانەمان وەرگرت
شی جینپینگ دەڵێت، "لە جەنگی جیهانی دوەم و جەنگی سارد وانەمان وەرگرت و کراوەییمان هەڵبژارد لەپێناو هاوکاریکردن لەگەڵ وڵاتانی جیهان، چین خوازیاری ئەوە نییە بچێتە ململانێ لەگەڵ زلهێزەکان و هاوکاری و کردەوەی بەکۆمەڵ دەبێت، بەسەر جیاوازی و ململانێکاندا زاڵ دەبین".