چیتر Threads بە تەنها لە مۆبایلدا بەردەست نابێت

06:07 - 22/08/2023

2640جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کۆمپانیای مێتا کە خاوەنداریی پلاتفۆڕمەکانی فەیسبوک، ئینستاگرام، واتسئاپ و سریدز دەکات، لە ئامادەکاریدایە بۆ خستنەڕوی ئەپڵیکەیشنی وێبی سریدز "Threads" و بەو هیوایەیە لەو رێگەیەوە Threads رکابەری پلاتفۆرمی "ئێكس" بکات (کە پێشتر بە تویتەر ناسرابو) دوای ئەوەی ژمارەی بەکارهێنەرانی ئەو پلاتفۆڕمە کەمیکرد لە پاش خستنەبەردەستی Threads لە 5ی مانگی (تەمموز/7)ی ئەمساڵدا.

لە ئێستادا Threads تەنها لەسەر سیستمی IOS و Android بەردەستە

لە ئێستادا پلاتفۆڕمەکە تەنها لەسەر سیستمی IOS و Android بەردەستە، پێشبینیش دەکرێت خستنەڕوی وێبی Threads کە بە واتای بەردەستبونی پلاتفۆڕمەکە دێت لە رێگەی بەکارهێنانی کۆمپیوتەرەوە، ببێتە هۆی زیادکردنی بەکارهێنەرانی پاش ئەو ئاسانکارییانەی کە بڕیارە بیانخاتە بەردەست بە مەبەستی بەڕێوەبردنێکی ئاسانتری ئەکاونتی براند، کۆمپانیا، رۆژنامەنوس و کەسە بەناوبانگەکانی سەر بە پلاتفۆڕمەکە.

پێدەچێت لەم هەفتەیەدا وێبەکە بەردەست بێت

ماڵپەڕی مێتا باسی لە وادەی خستنەبەردەستی وێبی Threads نەکردوە، بەڵام ئادەم مۆسێری، سەرۆکی پلاتفۆڕمی ئینستاگرام رایگەیاند، "پێدەچێت بەمزوانە بیخەینە بەردەست"، لەکاتێکدا پێگەی "زە ڤێرج"، دەڵێت، "پێدەچێت لەم هەفتەیەدا وێبەکە بەردەست بێت".

پلاتفۆڕمی "Threads" تەنها لە پێنج رۆژی دەستپێکی دەرچونیدا 100 ملیۆن بەکارهێنەری تۆمارکرد، ئەگەرچی دواتر ناوبانگەکەی توشی لاوازییەکی ئاشکرا بوەوە، بەوپێیەی بەکارهێنەرانی پلاتفۆڕمە نوێییەکە گەڕانەوە بۆ بەکارهێنەرانی زیاتری پلاتفۆرمی "ئێکس" کە لە ئێستادا بە رکابەری یەکتری دادەنرێن. 

بەمزوانە تایبەتمەندیی گەڕان بەدوای پۆستەکاندا لە پلاتفۆڕمەکەدا بەردەست دەبێت

لە هەمانکاتدا دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی مێتا بە خێرایی هەنگاو دەنێت بۆ خستنەبەردەستی چەند تایبەتمەندییەکی نوێ لە پلاتفۆڕمی Threads، هەروەک لە ئێستادا ئەو پلاتفۆڕمە توانای دیاریکردنی ئاگادارکەرەوە (نۆتیفیکەیشن)ی پۆستەکانی هەیە تاوەکو لە شێوەی خشتەیەکدا بیانخاتەڕو.

هەروەها بەمزوانە تایبەتمەندیی گەڕان بەدوای پۆستەکاندا لە پلاتفۆڕمی  Threadsدا بەردەست دەبێت کە رێگە بە بەکارهێنەران دەدات بەدوای پۆستی دیاریکراودا بگەڕێن نەک تەنها ئەکاونتەکان.