ژمارەیەک بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بە 70 ملیۆن دینارەوە دەستگیرکران

02:01 - 22/08/2023

2265جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش، لەماوەی 22 رۆژی رابردودا لەناو شاری سلێمانی 20 تۆمەتباری بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکرد و دەستیشیان بەسەر بڕی 70 ملیۆن دیناری عێراقیدا گرتوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئاسایش، لەچوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ دەستگیرکرنی بازرگان و بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان و ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی ئەو ماددانە کە کاریگەری خراپیان لەسەر کۆمەڵگە دەبێت، بەبڕیاری دادوەر لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لەچەند هەڵمەتێکی جیادا لە سەرەتای مانگی (ئاب/8)دا، 20 بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەریان دەستگیر کرد.

هێزەکانی ئاسایش دەستیانگرتوە بەسەر ئەو ماددە هۆشبەرانەی کە تۆمەتباران مامەڵەیان پێوە کردوون

ئاماژەی بەوەشکردوە، هێزەکانی ئاسایش دەستیانگرتوە بەسەر ئەو ماددە هۆشبەرانەی کە تۆمەتباران مامەڵەیان پێوە کردوون و بەکاریان هێناوە کە پێکهاتبوون لە (تلیاک، حەشیش، ئەفیون، کریستاڵ، مەریوانە).

تۆمەتباران خەڵکی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمن، تەمەنیان لە نێوان 23-50 ساڵدایە

باسی لەوەشکردوە، "تۆمەتباران خەڵکی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمن، تەمەنیان لە نێوان 23-50 ساڵدایە و سێ لە تۆمەتباران لە ڕەگەزی (مێ)ن، لەکاتی دەستگیرکردنیان دەستگیرا بەسەر سێ دەمانچە و بڕی 70 ملیۆن دیناری عێراقیدا".

دەزگای ئاسایش ئەوەشیخستۆتەڕو، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، تۆمەتباران بە ماددەکانی ( 25، 26، 30) ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.