زاناکان بەدوای پاشماوەی نەهەنگەکاندا وێڵن

05:34 - 21/08/2023

3645جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رێکخراوی Great Whale Conservancy کە تایبەتە بە پاراستنی نەهەنگەکان لە ئێستادا سەرقاڵی گەڕانە بەدوای "پاشماوەی نەهەنگ"دا، بەو پێیەی خۆراکە ماددەیەکی زۆر باشە بۆ روەکەکان کە هۆکارن لە روبەروبونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوادا لە رێگەی هەڵمژینی بڕێکی زۆری دوەم ئۆکسیدی کاربۆنی بەرگە هەوای زەوی و دابینکردنی نیوەی ئۆکسجینی هەسارەکەمان. 

بەپێی تۆڕی هەواڵی cnn، مایک فیشباک، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوەکە دەڵێت، "پاشماوەی نەهەنگ زۆر بەسودە بەو پێیەی ماددەکانی فسفۆڕ، ئاسن و نایترۆجین و زۆری دیکە لەخۆدەگرێت کە لەگەڵ خۆراکە ماددەکانی دیکەی قوڵایی نێو دەریا و زەریاکاندا یەکدەگرێت و دەبێتە خۆراکی روەک و زیندەوەرەکانی دیکە". 

پاشماوەی نەهەنگ دەبێتە هۆی دابینکردنی نیوەی ئۆکسجینی گۆی زەوی

ئاشکراشی دەکات، "ئەم پاشماوەیە بە تەواوی مانا رۆڵی بزوێنەری ژیانی نێو دەریا و زەریاکان دەگێڕێت، هەروەک سەرەنجام دەبێتە هۆی دابینکردنی نیوەی ئۆکسجینی گۆی زەوی". 

هەر چەندە باسی رۆڵی گرنگی پاشماوەی نەهەنگ بکەم، مافی خۆی پێنادەم

ئەو زانایە کە لەئێستادا سەرقاڵی کۆکردنەوەی پاشماوەی نەهەنگە لەگەڵ بەدواداچونی زیاتر لەسەری، دەڵێت "هەر چەندە باسی رۆڵی گرنگی پاشماوەی ئەم زیندەوەرە سەرسوڕهێنەرە بکەم، مافی خۆی پێنادەم". 

مایک فیشباک، نمونەی پاشماوە کۆکراوەکان دەنێرێت بۆ تاقیگەکان تاوەکو پێوانەی خۆراکە ماددەکانیان بکات و رێژەی پلاستیکیان تێدا دیاریبکات بە مەبەستی زانینی کاریگەریی پیسبونی ژینگەی دەریا و زەریاکان لەسەر ئەو زیندەوەرانە".