خەندان-
کۆماری مۆنتینێگرۆ کە دەکەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی کیشوەری ئەوروپا، ئامادەکاری بۆ پێشبڕکێیەکی دەگمەنی تایبەت بە نەریتی خۆیان بە ناوی "تەمبەڵترین كەس" دەستپێکرد.
بردنەوەی نازناوی "تەمبەڵترین كەس" وەرگرتنی خەڵاتی هەزار یۆرۆی لەگەڵدایە
ئەم پێشبڕکێیە ساڵانە لە گوندی ئیتنۆی برێزنا کە دەکەوێتە نزیک شاری نیکسیک، بەڕێوەدەچێت و لە ئەمساڵدا 21 کەس کێبڕکێ دەکەن بۆ بردنەوەی نازناوی "تەمبەڵترین كەس" و وەرگرتنی خەڵاتی هەزار یۆرۆ.
پێویستە بەشداربوان بە درێژایی ماوەی تەرخانکراوی کێبڕکێکە پاڵ بکەون
بەپێی یاساکانی پێشبڕکێەکە، "پێویستە بەشداربوان بە درێژایی ماوەی تەرخانکراوی کێبڕکێکە پاڵ بکەون، هەر بەشداربویەکیش هەستێت، دەستبەجێ لە پێشبڕکێیەکە دوردەخرێتەوە، هەروەک بەشداربوان لەکاتی پاڵکەوتندا بۆیان هەیە کتێب بخوێننەوە، پێداویستییەکانیان لە خواردن و خواردنەوە و پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامبدەن، بەڵام تەنها یەکجار لە ماوەی هەشت کاتژمێردا رێگەیان پێدەدرێت تەوالێت بەکاربهێنن".
میکۆ بلاگۆیڤیچ، رێکخەری پێشبڕکێکە و سەرۆکی گوندی ئیتنۆی برێزنا بە میدیاکانی راگەیاند، پێشبڕکێکە بۆ یەکەمجار 12 ساڵ لەمەوبەر بەڕێوەچوە، ئەمەش بەهۆی ئەو ئەفسانەیەی لەسەر "تەمبەڵی" خەڵکی مۆنتینیگرۆ بڵاوبونەتەوە.
میکۆ بلاگۆیڤیچ دەڵێت "هەمو جیهان لە رێگەی ئەم پێشبڕکێیەوە ئێمەی ناسی، دوبراڤکا ئەلێکسیچ کە خاوەنی ژمارەی پێوانەییە لە کاتی خەوتن لە ساڵی 2021 کە 117 کاتژمێر بو، لەنێو پاڵێوراوانی ئەمساڵیشدا ئامادە دەبێت".