خەندان-
ئیلۆن مەسک، گەورە ملیاردێری ئەمریکی و خاوەنی كۆمپانیای ئێكس (تویتەری پێشو) رایگەیاند، تایبەتمەندیی بلۆککردنی ئەکاونتەکان لەلایەن بەکارهێنەرانی پلاتفۆڕمی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لادەبات و پێی وایە ئەو تایبەتمەندییە بێسودە، ئەگەرچی تایبەتمەندیی بلۆککردنی نامەناردن دەهێڵێتەوە.
تایبەتمەندیی بڵۆککردن بێسودە
ئیلۆن مەسک گەورە سەمایەداری جیهان و خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی بەناوبانگی ئێکس ئاشکرایدەکات، "چیتر تایبەتمەندیی بلۆککردن بەردەست نابێت بۆ بەکارهێنانی ئێکس چونکە بێسودە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "تایبەتمەندیی بلۆککردن تەنها بۆ نامەناردنی راستەوخۆ بەردەست دەبێت، بەو واتایەی بەکارهێنەر دەتوانێت رێگری بکات لە بەکارهێنەرێکی دیکە نامەی راستەوخۆی بۆ بنێرێت".
بە پێی ئاژانسی هەواڵیی فڕەنسا، "لە دەستپێکی خاوەندارێتیکردنی مەسک بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە بەرامبەر 44 ملیار دۆلار لە کۆتایی مانگی (تشرینی یەکەم/10)ی ساڵی رابردو، داهاتی ریکلامی پلاتفۆڕمەکە بە بڕی نیو هێندە دابەزی بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە ریشەییانەی تێیدا ئەنجامیداوە".
پاڵنەری سەرەکی مەسک لە ئەنجامدانی ئەو گۆڕانکارییانە پرسی ئازادی رادەربڕینە
لەو بارەیەوە، چەندینجار ئیلۆن مەسک رایگەیاندوە "پاڵنەری سەرەکی لە ئەنجامدانی ئەو گۆڕانکارییانە خواستی زۆریەتی تایبەت بە پرسی ئازادی رادەربڕین".
تویتی توندوتیژی زیادی کردوە لە پاش دەستبەسەرداگرتنی مەسک
لە لایەکی دیکەوە، ناوەندی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربونەوەی وتاری توندوتیژی کە رێکخراوێکی ناحکومییە، رایگەیاند "تویت و پۆستی توندوتیژی لە پاش دەستبەسەرداگرتنی ئیلۆن مەسک بۆ پڵاتفۆڕمەکە، زیادیان کردوە".
هەروەک لە دەستپێکی خاوەنداریی ئەو گەورە ملیاردێرە بۆ پلاتفۆڕمەکە، ئەکاونتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکای چالاک کردەوە کە پێشتر و لە ساڵی 2021 راگیرابو بەهۆی وتارە توندوتیژەکانی.