خەندان-
ئەپڵ، گەورە کۆمپانیای بواری تەکنەلۆجیا چەند هۆشدارییەکی توند ئاڕاستەی بەکارهێنەرانی مۆبایلە زیرەکەکانی کرد و بەتایبەتیش لە مەترسی گرتن بەدەستی مۆبایلەکانیان لە کاتی شەحنکردنەوە (بارگاویکردن)یاندا ئاگاداریکردنەوە، "ئەو کردارە ئەگەری رودانی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی شۆرتی کارەباییەوە، زیاد دەکات".
دەبێت ئایفۆن تەنها لە شوێنێکی هەواگۆڕکێی باشدا بارگاویی بکرێتەوە لەسەر مێزێکی تەخت
لە دوایین رێنماییەکانیدا، کۆمپانیای ئەپڵی تەکنەلۆجی ئاشکرایدەکات، "مۆبایلی ئایفۆن دەبێت تەنها لە شوێنێکی هەواگۆڕکێی باشدا بارگاویی بکرێتەوە و لەسەر مێزێکی تەخت نەک پارچە قوماشێکی ئەستور، بەو پێیەی لەکاتی شەحنکردنەوەیدا گەرم دەبێت و ئەگەر ئەم گەرمیە شوێنی دەربازبونی نەبێت، ئەوا ئەگەری هەیە ببێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی رودانی شۆرتی کارەباییەوە".
هێشتنەوەی مۆبایل لە کاتی شەحنکردنەوەیدا لە ژێر سەرین و بالیفدا جێی مەترسییە و ئەگەری رودانی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی شۆرتی کارەباییەوە زیاد دەکات
کۆمپانیاکە ئاشکرایدەکات، "هێشتنەوەی مۆبایل لە کاتی شەحنکردنەوەیدا لە ژێر سەرین و بالیفدا یەکێکە لە خراپترین کارەکان کە بەکارهێنەرانی مۆبایلە زیرەکەکان ئەنجامی دەدەن".
ئەپڵ ئاماژە بەوەشدەکات، "بەرکەوتنی بەردەوامی مۆبایلەکەت لەگەڵ روکارە گەرمەکان بۆ ماوەیەکی زۆر رەنگە ببێتە هۆی برینداربونت"، وەک ئاماژەیەک بۆ رودانی "شۆرتی کارەبایی".
رێنماییەكانی ئەپڵ بۆ بەكارهێنەران:
یەكەم
هیچ ئامێرێکی کارەبایی و مۆبایلێك لە کاتی شەحنکردنەوەی و پەیوەستبونی بە سەرچاوەیەکی کارەباییەوە، مەخەرە ژێر سەرین یاخود بەتانییەکەت، هەروەها لەو کاتانەدا بەدوربە لە هەر بەرکەوتنێکی راستەوخۆی ئامێرەکەت لەگەڵ پێست و دەموچاوتدا، لەگەڵ بەکارهێنانی و گرتن بە دەستەوەی مۆبایلەکەت.
دوەم
مۆبایلە ئایفۆنەکەت، ئەداپتەری پاوەرەکەت (کەلەی شەحنکردنەوە) و پاوەربانکەکەت (بارگاویکەرەوەی بێ وایەر) لە شوێنێکدا دابنێ کە هەواگۆڕکێی باشیان بۆ فەراهەم بێت، لەکاتی بەکارهێنان یان شەحنکردنەوەیاندا.
سێیەم
ئەو کەسانەی بە دەست حاڵەتێکی جەستەیی تایبەتەوە دەناڵێنن لە بەرگە نەگرتنی گەرمی بە گشتی، دەبێت زیاتر ئاگایان لە خۆیان بێت لەم روەوە و رێکارەکان باشتر جێبەجێ بکەن.
چوارەم
پێویست ناکات مۆبایلەکەت بە درێژایی شەو بە شەحنەوە بێت، ئەگەرچی شوێنی شەحنکردنەوەشی لەبار بێت و هەواگۆڕکێی هەبێت، بەو پێیەی شەحنکردنەوەی بەردەوامی چەندین کاتژمێر کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر تەمەنی مۆبایلەکەت.
پێنجەم
مۆبایلەکان بە گشتی دو کاتژمێر دەخایەنن تا بە تەواوی شەحن دەبنەوە، بەڵام جێی مەترسییە کاتێک پێش نوستنت مۆبایلەکەت دەکەیت بە شەحنەوە، بەو پێیەی ئەو کاتە بە مانای هەشت کاتژمێر یان زیاتر دێت کە چەند هێندەی کاتی پێویستی شەحنکردنەوەیەتی، ئەوەش بڕی گەرمی پاترییەکەی زیاد دەکات و لە کۆتاییدا تەمەنی کورت دەکاتەوە، واتە پێدەچێت زوتر ناچار بیت مۆبایلێکی نوێ بکڕیت.