لە رێگەی مانۆڕی سەربازییەوە؛ چین هەڕەشەی توند لە تایوان دەکات

10:29 - 19/08/2023

1861جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەمڕۆ شەممە چین لە دەوروبەری تایوان دەستی بە مانۆڕی سەربازیی کردوە کە بە "هۆشدارییەکی توند"ی ناوناوە بۆ سەر تایوان، ئەوەش دوای سەردانە کورتەکەی ویلیام لای، نوێنەری سەرۆکی تایوان دێت، بۆ ئەمریکا.

ویلیام لای، کە بە دیاریترین کاندیدی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تایوان دادەنرێت بۆ ساڵی داهاتودا، لەکاتی گەشتێکیدا بۆ پاراگوای کە یەکێکە لەو وڵاتە کەمینانەی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ تایپەی پایتەختی تایواندا هەیە، لە نیویۆرک وەستا، دواتریش لە رێگەی گەڕانەوەدا جارێکی دیکە لە سانفرانسیسکۆ جێگیربو.

چین نوێنەری سەرۆکی تایوانی بە کێشەساز ناوبرد 

ئاژانسەکە باسی لەوەکردوە، "لەوبارەیەوە چین نوێنەری سەرۆکی تایوانی بە کێشەساز ناوبرد و بەڵێنیدا رێوشوێنی یەکلاکەرەوە لە پێناو پاراستنی سەروەری نیشتمانییدا بگرێتەبەر".

ئاژانسی هەواڵی فەرمی چین ناسراو بە شینخوا، لە زاری شی یی، وتەبێژی هێزی سەربازیی وڵاتەکە رایگەیاند، "سەرکردایەتیی هێزی فەرماندەیی سوپای رزگاریخوازی گەل، ئەمڕۆ شەممە زنجیرە راهێنانێکی هاوبەشی ئاسمانی و دەریایی و مانۆڕی سەربازیی بۆ هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی چین لە دەوروبەری دورگەی تایواندا، دەستپێکردوە".

مەبەستی سەرەکی لەم مانۆڕە ئاراستەکردنی هۆشدارییەکی توندە بۆ تایوان تایبەت بە پرسی سەربەخۆیی

شینخوا ئاماژەی بەوەشکرد، "ئامانجی مانۆڕەکە تاقیکردنەوەی توانای سوپای رزگاریخوازی گەلە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە ئاسمانی و دەریاییەکان و شەڕکردن لە بارودۆخی جەنگیی راستەقینەدا".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، "مەبەستی سەرەکی لەم مانۆڕە ئاراستەکردنی هۆشدارییەکی توندە بۆ جوداخوازانی تایوان کە داوای سەربەخۆیی لە وڵاتانی بیانی دەکەن".

تایوان راگەیەندراوی وتەبێژی هێزی سەربازیی چینی بە ناعەقڵانی و ئیستیفزازای ناوبرد

لە لایەکی دیکەوە، تایوان بە توندی سەرکۆنەی راگەیەندراوی وتەبێژی هێزی سەربازیی چینی کرد و بە "هەڵسوکەوتێکی ناعەقڵانی و ئیستیفزازای" ناوبرد و ئاماژەی بەوەکرد، "هێزی گونجاو بۆ بەرپەرچدانەوە دەنێرێت".

لەوبارەیەوە وەزارەتی بەرگریی تایوان رایگەیاند، "ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی لەلایەن چینەوە لە ئێستادا یارمەتیدەر نییە بۆ فەراهەمهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە تایوان و هەروەک عەقڵیەتی سەربازیی ئەو وڵاتە و سروشتە سەربازییەکەی دەردەخات".

چین؛ تایوان بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت


چین؛ تایوان بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت و بەڵێنیداوە بە زەبری هێزیش بێت بیگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی، ساڵی رابردوش چین مانۆڕی سەربازی بەرفراوانی ئەنجامدا دوای ئەوەی نانسی پێلۆسی، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەردانی تایوانی کرد، هەروەها دوای ئەوەی تسای ئینگ وێن، سەرۆکی تایوان لەگەڵ یاسادانەرانی باڵای ئەمریکا لە میانەی زنجیرە گەشتێکیدا بۆ سەرانسەری ئەمریکا کۆبوەوە.

لەم سەروبەندەدا واشنتن داوای ئاساییکردنەوەی دۆخەکەی کرد سەبارەت بە گەشتەکەی ویلیام لای بۆ وڵاتەکەی و بە گەشتێکی رۆتینی و ئاسایی وەسفکرد.

نیشانەکردن

چین تایوان