بەدوای زێڕدا گەڕان کەچی گیانی زێڕینیان لەدەستدا

05:47 - 17/08/2023

6260جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی قەننا لە میسر، ئەمڕۆ پێنجشەممە وردەکاریی دۆزینەوەی تەرمی سێ هاوڵاتیی میسرییان راگەیاند کە لە کاتی هەڵکەندنی زێڕدا بەهۆی تینوێتییەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ماڵپەڕی "قاهیرە 24"، بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی قەننا بڵاویکردوەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاگاداریەکیان پێگەیشتوە کە تیایدا باس لە دۆزینەوەی تەرمی سێ هاوڵاتی میسری دەکات لە نزیک رێگای قەفت ئەلقسەیر لە پارێزگای قەننای باشوری وڵاتەکە. 

ئەو سێ کەسە لە بواری گەڕان بەدوای زێڕدا کاریان کردوە

ئاشکراشیکرد، دەستبەجێ ئەمبوڵانسەکانیان رەوانەی شوێنی روداوەکە کردوە و پاش پشکنین و بەدواداچونەکانیان، بۆیان دەرکەوتوە ئەو سێ کەسە لە بواری گەڕان بەدوای زێڕدا کاریان کردوە، تەرمەکانیشیان گواستوەتەوە بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی مامەڵەی یاسایی پێویستی لایەنە پەیوەندیدارەکان.

سێ هاوڵاتییە میسرییەکە رێگەیان ون کردوە و دواتر بەهۆی تینوێتییەوە گیانیان لەدەستداوە

بە پێی بەدواداچونە سەرەتاییەکانی دەزگا ئەمنییەکان لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی قەننا، دەرکەوتوە کە ئەو سێ کەسە لەو ناوچەیەدا بە دوای زێڕدا گەڕاون و رێگەیان ون کردوە، دواتر بەهۆی تینوێتییەوە گیانیان لەدەستداوە.

ماڵپەڕەکە باسی لەوەشكردوە، "لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادارکراونەتەوەکە هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ ئاشکراکردنی دۆخی راستەقینەی روداوەکە و گرتنەبەری رێکاریی یاسایی پێویست".