بە ڤیدیۆ: رۆبۆتێک دەبێتە هاودەمێکی دڵسۆزی منداڵ و بەساڵاچوان

04:16 - 17/08/2023

2004جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شارەزایان دەڵێن، مرۆڤی ئاسایی نزیکەی 26 ساڵی تەمەنی بە خەوتن بەسەر دەبات، لەگەڵ نزیکەی 30 ساڵی دیکەش بە کارکردن و خوێندنەوە، بۆیە گرنگە پەنا ببەین بۆ تەکنەلۆژیا تاوەکو یارمەتیمان بدات کاتەکانمان باشتر بەکاربهێنین.

پرۆگرامی پڕ وردەکاریی و سەرسوڕهێنەری رۆبۆتەکە توانای جوڵەی سەربەخۆ و وردی بۆ دابین دەکات

لەم چوارچێوەیەدا، بەرنامەی "ژیانی زیرەک"ی کەناڵی جەزیرە تیشکدەخاتە سەر  داهێنانی رۆبۆتێکی بێوێنە بە ناوی "EBOX"، کە رۆبۆتێکی زیرەکە و رۆڵی "هاودەمێكی نمونەیی" بۆ ئەندامانی خێزان دەگێڕێت و هەمیشە ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری.
پرۆگرامکردنە پڕ وردەکاریی و سەرسوڕهێنەری ئەو رۆبۆتە، هۆکارە تاوەکو توانای جوڵەی سەربەخۆ و وردی بۆ دابین بکات، بەو پێیەی کاتێک بۆ یەکەمینجار لە شوێنێكدا بەکاردەهێنرێت، بە شێوەیەکی بینراو ماڵەکە سکان دەکات، ئەوەش رێگەی پێدەدات دواتر بتوانێت هەر بەشێکی ئەو شوێنە بناسێتەوە، لە کاتی تەواوبونی پاتریەکەشیدا، خۆی دەگەڕێتەوە خاڵ یاخود شوێـنی شەحنکردنەوەی، بە مەبەستی وەرگرتنی وزەی پێویست.

رۆبۆتەکە دو بزوێنەری تێدایە کە بە کاراکردنی راستەوخۆ (manually) و ئەلگۆریتمێکی چالاک (automatically) کاردەکەن دوا بەدوای یەک، بەوەش جوڵەیەکی نەرم و نیان، کۆنتڕۆڵکردنی جوڵە وردەکان و خولانەوەی لەسەرخۆی بە پلەی 360 بۆ دابیندەکات، هەروەها رۆبۆتەکە بە کامێرایەکی 4K لەگەڵ دو هەستەوەریی تایبەت بە روناکی زۆر نزم بە قەبارەی هەشت مێگاپێکسڵ، پاڵپشتیکراوە.

رۆبۆتەکە هاوشێوەی هاودەم و هاوەڵێکی دڵسۆز بە دوای کەسەکەوەیە 

لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی رۆبۆتەکە، پابەندبونیەتی بە فەرمانەکانی منداڵەکەت یاخود کەسێكی بەتەمەنی ماڵەکەت، بەو پێیەی هاوشێوەی هاوەڵ یاخود هاودەمێکی دڵسۆز بۆ هەمو شوێنێک بەدوایدا دەڕوات، هەروەها گریانی منداڵەکەت دەناسێتەوە و دیاریدەکات و لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتەوە پەیوەندیت پێوەدەکات، ئەمە جگە لەوەی دەتوانێت لە ناوچە مەترسیدارەکاندا یاخود نزیکبونەوەی منداڵەکەت لە ناوچە قەدەغەکراوەکاندا، لە رێگەی ئاگادارکردنەوەت و پەیوەندیکردنت پێتەوە، بیانپاێزێت. 

دەتوانێت کەوتنی بەساڵاچوانی نێو ماڵەکەت بناسێتەوە و ئاگادارت بکاتەوە


رۆبۆتی "EBOX" دەتوانێت کەوتنی بەساڵاچوانی نێو ماڵەکەت بناسێتەوە و ئاگادارت بکاتەوە، لەگەڵ توانای ناردنی ئاگادارکردنەوە بۆ داوای یارمەتی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان یاخود ناوەندەکانی خزمەتگوزاری، هەروەها دەتوانرێت بیرخستنەوە "ریماندەر"ت بۆ بنێرێت تایبەت بە وادەکانی وەرگرتنی دەرمان لەگەڵ دابینکردنی فەرمانی دەنگی بۆ مەبەستێکی دیاریکراو.

داهێنەرانی ئەو رۆبۆتە چەندین خەڵاتیان لە بواری تەکنەلۆجیا و زیرەکی دەستکرددا بەدەستهێناوە


رۆبۆتەكە شارەزایە لە وێنەگرتن "هونەری فۆتۆگرافی"دا لەگەڵ سەیڤکردنی "هێشتنەوەی" هەڵبژاردنە دڵخوازەکانی یەرکەمینجارت بۆ روناکی، میوزیک و زۆر شتی دیکە تاوەکو بتوانێت دابینیانبکاتەوە لە داهاتودا بە بێ ئەوەی دوبارە دەستنیشانیان بکەیەتەوە بۆی.
هەمو ئەم تایبەتمەندیانە وایکردوە داهێنەرانی ئەو رۆبۆتە چەندین خەڵات لە بواری تەکنەلۆجیا و زیرەکی دەستکرددا بەدەستبهێنن، پێشبینیش دەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵدا بخرێتە بازاڕەوە.