خەندان-
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، هێزەکانی هاوپەیمانان و ھێزی تایبەتی دژە تیرۆری کوردستان (CTG) سەر بە (یەکێتی) ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لە شاری رەققە لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدا و سەرکردەیەکی چەکدارانی داعش بە ناوی ئیبراهیم عەلی کوژرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردوە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکان دژی شانە نهێنییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، یەکینەکانی دژە تیرۆری (YAT) سەر بە هێزەکانی SDFـمان، بە بەشداریی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی بەرەنگاربونەوەی تیرۆری کوردستان هەرێمی عێراق (CTG) ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئەنجامدرا.
ئۆپەراسیۆنەکە لە ناوەندی شاری ڕەققە دژی سەرکردەیەکی ڕێکخراوی داعش ئەنجامدراوە
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئۆپەراسیۆنەکە لە ناوەندی شاری ڕەققە دژی سەرکردەیەکی ڕێکخراوی داعش بە ناوی ئیبراهیم عەلی (ئەبو موجاهید) ئەنجامدراوە و کوژراوە، کە بەرپرسیارە یان میری گشتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتە.
ئۆپەراسیۆنەکە دوای چاودێری ورد و بەردەوامیی جموجۆڵەکانی چەتەکانی داعش ئەنجامدراوە
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، "ئۆپەراسیۆنەکە دوای چاودێری ورد و بەردەوامیی جموجۆڵەکانی چەتەکانی داعش ئەنجامدراوە، هەروەها هێزەکانمان بە پاڵپشتی ئاسمانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی، توانیان هێرش بکەنە سەر ئەو بینایەی کە سەرکردەکەی چەتەکانی داعشی تێدا بوە، دواتر ئەو سەرکردەیە کوژراوە".
ئەوەشخراوەتەڕو، "دوای ئۆپراسیۆنەکە هێزەکانمان دەستیان بەسەر بڕێک چەک و کەرەستەی سەربازیدا گرت کە هی بەرپرسەکەی داعش بوە"، ئەو چەک و کەلوپەلانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بریتین لە، کڵاشینکۆفێکی جۆری AK-47 و حەوت مەخزەنی کڵاشینکۆف و بڕێک فیشەک و چوار مۆبایلی زیرەک، هەروەها کۆمپیوتەرێک و ژمارەیەک بەڵگەنامەی کەسی.