پاش رەزامەندیی ئەمریکا، ئیسرائیل گرانبەهاترین رێککەوتنی سەربازی لە مێژویدا ئەنجامدا

10:19 - 17/08/2023

5381جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، ئەمریکا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر فرۆشتنی سیستمی بەرگریی موشەکیی ناسراو بە (ARO-3) بە ئەڵمانیا بە بڕی 3.5 ملیار دۆلار.

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، مانگی (حوزەیران/6)ی ساڵی رابردو لەگەڵ پەرلەمانی ئەڵمانیا "بوندێستاگ"دا دانوستانیان کردوە لەسەر دابینکردنی پێشوەختەی بڕی نزیکەی 600 ملیۆن یۆرۆ بە سوپای ئیسرائیل، تاوەکو بتوانێت ئامادەکاری بۆ بەرهەمهێنانی موشەکی (ARO-3) بکات، لە رێککەوتنێکدا کۆی بەهای گشتیی دەگاتە چوار ملیار دۆلار، ئەوەش گەورەترین و گرانبەهاترین گرێبەستە لە مێژوی ئیسرائیلدا.

 پێویست بوە ئەمریکا رەزامەندی دەرببڕیت بەرامبەر ئەو رێککەوتنە
بەپێی سەرچاوەکان، پێویست بوە ئەمریکا رەزامەندی دەرببڕیت بەرامبەر ئەو رێککەوتنە، بەو پێیەی سیستمێکی سەربازییە و لەسەر بنەمای هاوکاریی دارایی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، پەرەیپێدراوە.
ئەو سیستمە توانای رێگریکردنی هەیە لە موشەکی کورتمەودا تا دەگاتە موشەکی دور مەودا
(ARO-3) بۆ رێگریکردن لە موشەکەکانی بالیستیک لە دەرەوەی بەرگەهەوای زەوی دروستکراوە، هەروەک ئەو سیستمە نوێترین سیستەمی مەودای بەرگریی موشەکی ئیسرائیلییە کە لە سیستمی Iron Dome ەوە درێژدەبێتەوە، کە توانای رێگریکردنی هەیە لە موشەکی کورت مەودا، تا دەگاتە موشەکی دور مەودای (Arrow 3) کە توانای لەناوبردنی هەر سەرێکی چەکێکی جەنگیی نائاسایی هەیە.

دانوستانەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ ئیسرائیل لەدوای دەستپێکردنی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا لە ساڵی رابردودا دەستیپێکرد، بەڵام لەم دواییانەدا گەیشتن بە رێککەوتنێک لە نێوان ئەو دو وڵاتەدا لەوبارەیەوە ئاسان نەبو، بەو پێییە ئەمریکا رەزامەندی دەرنەدەبڕی لەسەر رێککەوتنی ئیسرائیل لەگەڵ ئەڵمانیادا.

نیشانەکردن

ئیسرائیل ئەڵمانیا