ئاوی ژێرزەوی عێراق تەواو دەبێت.. هەڵکەندنی بیر ئاوی هەزاران ساڵە بەهەدەر دەدات و ناگەڕێتەوە

08:05 - 16/08/2023

7820جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ژمارەیەك لە ڕێكخراوی بیانی هۆشداریەكیان بۆ حكومەتەكانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت عێراق بڵاوكردەوە، كە بەم نزیكانە ئاوی ژێر زەوی لە زەوییەكانیاندا تەواو دەبێت، ئەگەر كارەكانی وەبەرهێنانیان بەبێ ڕێگری یان پلانی پێشوەختە بەردەوام بن.

تۆڕی (DW)ی ئەڵمانی، لە ڕێگەی ڕاپۆرتێكەوە بڵاویكردۆتەوە، زۆرێك لە وڵاتانی عەرەبی كە گرنگترینیان عێراقە، چاودێری ئاستی ئاوی ژێر زەوییان ناكەن و ئەو كەرەستەیان نییە كە بتوانن بزانن بڕی ئاوەكەی چەندە و چییە لە ڕێگەی ئەو بیرانەشی كە هاوڵاتیان بەكاریان دەهێنن ئاوەكە دەردەهێنن. 

ئاوی ژێر زەوی سەرچاوەیەكە كە دەتوانرێت تەنها جارێك بەكاربهێنرێت

ئانابێل هوردیت توێژەری پەیمانگای ئەڵمانی بۆ گەشەپێدانی بەردەوام لەوبارەیەوە رایگەیاندوە، ئاوی ژێر زەوی سەرچاوەیەكە كە دەتوانرێت تەنها جارێك بەكاربهێنرێت، چونكە لە ماوەی هەزاران ساڵدا كۆكراوەتەوە، ڕەنگە بەكارنەهێنرێت تەنها وەك بەشێك لەئاوی ژێر زەوی بمێنێتەوە. 

زۆرێك لە وڵاتانی عەرەبی بە عێراقیشەوە ڕێژەی ئاوی ژێر زەوی خۆیان ناپێون

لەلای خۆشیەوە، محمد مەحمود بەڕێوەبەری سەنتەری گۆڕانی كەشوهەوا لە پەیمانگای واشنتن بۆ لێكۆڵینەوە دوپاتیكردۆتەوە، زۆرێك لە وڵاتانی عەرەبی بە عێراقیشەوە ڕێژەی ئاوی ژێر زەوی خۆیان ناپێون، ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی ئوردن و عێراق لەنێو ئەو وڵاتانەدان كە زۆرترین ڕێژەی ئاوی ژێر زەوییان هەیە كاریگەری قۆستنەوەی ئاوی ژێر زەوی بەهۆی نەبونی لێكۆڵینەوە ناوخۆییەكان كە بەدواداچون بۆ ڕێژەی ئاوی هەڵگیراو و بڕی ئاوەكەی دەكەن، ئێستا بەكاردەهێنرێت

ئاوی ژێر زەوی لە هەندێك وڵاتی عەرەبی، لەوانە عێراق و ئوردن، ئاوی بەردبون

هاوكات، ڕامۆن برێنفیهرەر بەڕێوەبەری پەیمانگای ئەڵمانی بۆ سامانە سروشتییەكان ئەوەی ئاشكرایكردوە، ئاوی ژێر زەوی لە هەندێك وڵاتی عەرەبی، لەوانە عێراق و ئوردن، ئاوی بەردبون، "ئەو ئاوە بەهۆی مێژوی كۆنی بونی لە ژێر زەویدا پێی دراوە، ناتوانرێت جێگەی بگرێتەوە ئەگەر وەك هەمیشە لەگەڵ ئاوی سەر زەوی لە هەمو ئاستەكانیدا بەكاربهێندرێت، لەكاتێكدا بە ئاوی سەرزەوی دەتوانرێت بە سەرچاوە سروشتییەكانی تر قەرەبو بكرێتەوە".

ئێستا ئاوی بەردبو لە عێراق و ئوردن بەكاردەهێنرێت

ڕامۆن برێنفورەر دەشڵێت، "ئێستا ئاوی بەردبو لە عێراق و ئوردن بەكاردەهێنرێت، ئەمەش مەترسی لەسەر هاوسەنگی ژینگە دروست دەكات، بەتایبەت لە عێراق كە پێنجەم وڵاتە لە جیهاندا كە بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای ئێستاوە كاریگەری نەرێنی لەسەر هەبێت"، ئاماژە بۆ ئەو سەختییە دەكات لە بەدواداچون بۆ ئاستی ئاوی بەردینی بەهۆی بونی لە قوڵاییە زۆر نزمەكانی ناو توێكڵی زەویدا بەدەستدەهێندرێت.

ئێستا زۆربەی كێڵگە ئاوییەكان خێراتر لەوەی كە دەتوانرێت بگۆڕدرێن كەم دەبنەوە

هەر لەبارەی كێشەكانی ئاوەوە، ڕێكخراوی ESCWAی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان پشتڕاستیكردەوە، ئەو وێنانەی مانگی دەستكرد كە لە ڕێگەی مانگی دەستكردی GRACE دەستیان كەوتوە، دابەزینی توندی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە وڵاتانی عەرەبی بەدیدەكرێت لەنێویاندا عێراق كە یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانیان بەركەوتوە، " ئێستا زۆربەی كێڵگە ئاوییەكان خێراتر لەوەی كە دەتوانرێت بگۆڕدرێن كەم دەبنەوە".

 ئێستا مەترسی كەمبونەوەی ئاوی ژێر زەوییان بە تەواوی لە ماوەیەكی كورتدا هەیە

تۆڕی (DW)ی ئەڵمانی گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی كە وڵاتانی عەرەبی كە گرنگترینیان عێراقە، ئێستا مەترسی كەمبونەوەی ئاوی ژێر زەوییان بە تەواوی لە ماوەیەكی كورتدا هەیە بۆ ئاستێكی زۆر مەترسیدار لە ئەگەری بەردەوامبونی هەنگاوەكانی بەكارهێنانی ئاو بەو شێوازەی ئێستا.

عێراق بۆ چوارەم ساڵ لەسەریەك بەدەست وشكەساڵی بەردەوامەوە دەناڵێنێت لەئەنجامی بەرزبونەوەی بێ وێنەی پلەكانی گەرما بۆ دەیان ساڵە، كە بەرزبونەوەی پلەكانی گەرماش هاوكات لەگەڵ نەبونی باران بو، ئەمەش جگە لە كەمكردنەوەی پشكی ئاوەكەی بۆسەر ڕوباری دیجلە و فورات لەلایەن ئەو وڵاتانەی سەرچاوەی ئەو دو ڕوبارەن.