14 ساڵە لە زینداندایە؛ شۆڕش مروەتی بەمەبەستی لەسێدارەدان، گوازرایەوە ژوری تاکەکەسی

03:43 - 14/08/2023

29793جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شۆرش مروەتی کە سزای لەسێدارەدانی هەیە و پێشتر لە بەندیخانەی ناوەندی سەقز هەڵاتبو و دواتر دەستبەسەر کرایەوە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی رەوانەی ژوری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کراوە، ناوبراو 14 ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی "دزی چەکدارانە" لە شاری تاران دەستگیرکرا.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ دوشەممە شۆڕش مروەتی بەندکراوی مەحکوم بە سزای لە سێدارەدان بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی بۆ ژوری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراوەتەوە و بڕیارە سزاکەی لە ڕۆژانی داهاتودا جێبەجێ بکرێت".

لەگەڵ گواستنەوەی شۆڕش مروەتی بۆ ژوری تاکەکەسیی هەمو هێڵەکانی تەلەفۆن پچڕاوە 
بەوتەی سەرچاوەکان لە ناو بەندیخانەی سنە، لەگەڵ گواستنەوەی شۆڕش مروەتی بۆ ژوری تاکەکەسیی بەندیخانەی سنە هەمو هێڵەکانی تەلەفۆن لەو بەندیخانەیە پچڕاوە هەتا پێش بە درزەکردنی هەواڵی لەسێدارەدانی ناوبراو بگرن.

شۆڕش مروەتی پاییزی ساڵی ڕابردو هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە بۆ ژوری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواسترابوەوە.
ئەو بەندکراوە کە 14 ساڵە لە بەندیخانەیە لەکاتی هەڵاتنی بەکۆمەڵی بەندکراوانی بەندیخانەی سەقز هەڵاتبو
ئەو بەندکراوە کە 14 ساڵە لە بەندیخانەیە لەکاتی هەڵاتنی بەکۆمەڵی بەندکراوانی بەندیخانەی سەقز هەڵاتبو، بەڵام دوای 10 رۆژ لە هەڵهاتنی لە گوندی سەبەدلوی بانە دەستبەسەرکرایەوە.
شۆڕشی مروەتی بە تۆمەتی "دزی چەکدارانە" لە شاری تاران دەستبەسەرکراوە
شۆڕشی مروەتی 14 ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی "دزی چەکدارانە" لە شاری تاران دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا.

شایان سەعیدپور و مستەفا سەلیمی دوی دیکە لەو بەندکراوانە بون کە دوای دەستبەسەرکرانەوەیان لە دوای شۆڕشی بەندیخانەی سەقز بە خێرایی و هەمان ساڵ سزاکەیان جێبەجێکرا.