خەندان-
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند، سەلمان بن عەبدولعەزیز، پادشای سعودیە بانگهێشتی فەرمی ئاڕاستەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئێران کردوە بۆ سەردانکردنی ریاز، بەڵام تائێستا وادەی سەردانەکە دیارینەکراوە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئێران ئیرنا، ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دوشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەگەری ئەوە هەیە سەرۆکی ئێران سەردانی سعودیە بکات، دوای ئەوەی بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لە پادشای سعودیەوە پێگەیشتوە، بەڵام تائێستا وادەی ئەم سەردانە دیارینەکراوە".
پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێران هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێش دەچن
ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێران هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێش دەچن و ئەم سەردانەش لە کاتێکی گونجاودا، لە چوارچێوەی ئیرادەی سیاسیی هەردو وڵاتدا پلانی بۆ دادەنرێت.
سەرۆکی ئێران بەمزوانە سەردانی سعودیە دەکات
ناسر کەنعانی ئەوەشی خستەڕو حسێن ئەمیر عەبدوللەهیان، وەزیری دەرەوە پشتڕاستی کردوەتەوە، کە "بەمزوانە سەردانی سعودیە دەکات"، رونیشیکردوەتەوە، "کارنامەی سەردانەکەی تاوتوێکردنی پرسە جۆراوجۆرەکان، دۆسییە ناوچەیی، نێودەوڵەتی و ئابورییەکان لەخۆدەگرێت".
مانگی (ئازار/3) ئەمساڵ، شانشینی سعودیە و ئێران بە سەرپەرشتی چین رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانیان و کردنەوەی باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکانیان لە خاکی یەکتریدا، لە ماوەیەکدا کە زیاتر نەبێت لە دو مانگ لەو رێکەوتەوە.