خەندان-
توێژینەوەیەکی زانکۆی "کۆڵدینج لەندەن"ی بریتانی دەریخستوە، تەنها 27% لە دەنگە ساختەکانی دروستکراوی زیرەکیی دەستکرد، سەرکەوتوبون لە "فریودانی باشترین کەسە گوێگرەکان".
بەگوێرەی توێژینەوەکە، زیاتر لە 500 کەس کە راهێنراون بۆ جیاکردنەوەی دەنگە راستەقینەکان لە ساختەکان، توانیویانە 73%ی دەنگە ساختەکان لە کاتی توێژینەوەکەدا دەستنیشان بکەن، ئەوەش بەو مانایە دێت کە زیرەکیی دەستکرد "شکستدەهێنێت" لە ناسینەوەی دەنگە ساختەکان بە رێژەی 27%".
Deep fake زیرەکیی دەستکرد بەکاریدەهێنێت بە مەبەستی دروستکردنی دەنگ، وێنە و ڤیدیۆ
"Deep fake" بریتییە لەو ئەپڵیکەیشنانەی کە زیرەکیی دەستکرد بەکاریدەهێنێت بە مەبەستی دروستکردنی دەنگ، وێنە و ڤیدیۆ تاوەکو وادەربکەوێت تاکی راستەقینە دروستی کردون، هاوشێوەی ڤیدیۆ ساختە بەناوبانگەکەی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا، کە بە شێوەیەکی فراوان لە ساڵانی رابردودا بڵاوبوەوە.
توێژینەوەکە بە بەکارهێنانی زمانی ئینگلیزی و چینی (ماندارین) ئەنجامدراوە، کە رێژەکان لە دەرەئەنجامەکانی هەردو زمانەکەدا هاوشێوە بون، هەرچەندە تیمی توێژینەوەکە بۆیان دەرکەوتوە، کە قسەکەرانی زمانی ئینگلیزی توانیویانە دەنگی مرۆڤ جیابکەنەوە لەو دەنگە ساختەیەی کە بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد دروستکراوە لە رێگەی ریتمی هەناسەدان، لە کاتێکدا قسەکەرانی زمانی چینی ئاماژەیان بە ریتم و خێرایی و رەوانبێژیی قسەکردنەکە کردوە وەک پێوەرێک بۆ جیاکاری نێوان دەنگەکان.
زیرەکیی دەستکرد دەنگی ساختە بەکاردەهێنێت بە مەبەستی گومڕاکردن و فێڵکردن لە خەڵک وەک وەرگرتنی پارە لێیان
زیرەکیی دەستکرد دەنگی ساختە بەکاردەهێنێت بە مەبەستی گومڕاکردن و فێڵکردن لە خەڵک وەک وەرگرتنی پارە لێیان، بەوپێیەی دەنگە ساختەکە واخۆی دەردەخات کە دەنگی هاوڕێ، کەسێکی نزیک یاخود هاوبەشێکی بازرگانی کەسەکە بێت، بەوەش زۆرجار داوا لە کەسەکە دەکرێت پارە بۆ بەکارهێنەری زیرەکی دەستکرد، بگوازێتەوە.
بە بەکارهێنانی تۆمارکردنی چەند وشەیەک لە دەنگی کەسێکدا، دەتوانرێت کۆپییەکی زۆر نزیک لە دەنگە راستییەکەی کەسێک، دروست بکرێت
پێشکەوتنەکانی ئەم دواییەی تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد نیگەرانی لە ئەگەری بڵاوکردنەوەی ساختەکاری لە رێگەی لاساییکردنی دەنگەکانەوە دروستکردوە، بەتایبەتی لەگەڵ توانای بەرنامەکانی زیرەکی دەستکرد بۆ لاساییکردنی دەنگەکان بە وردبینییەکی بەرز، تیمی توێژەرانی زانکۆی بریتانییەکە هۆشدارییان داوە "لە ئەنجامی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان، بە بەکارهێنانی تۆمارکردنی چەند وشەیەک لە دەنگی کەسێکدا، دەتوانرێت کۆپییەکی زۆر نزیک لە دەنگە راستییەکەی کەسێک، دروست بکرێت".
پێدەچێت ئەنجامی توێژینەوەکە رەنگدانەوەی واقیعە راستەقینەکە نەبێت
توێژەران ئاماژەیان بەوەشکردوە، پێدەچێت ئەنجامی توێژینەوەکە رەنگدانەوەی واقیعە راستەقینەکە نەبێت بەو پێیەی بەشداربوانی توێژینەوەکە زانیویانە کە بەشێکن لە توێژینەوەیەک، هەربۆیە زیاتر سەرنجیان لەسەر دۆزینەوەی ئەو دەنگە ساختانە بوە.
لە ئێستادا زۆربەی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی "ساختەکردنی دەنگەکان" هەر لە رێگەی سیستمی زیرەکیی دەستکردەوە ئەنجام دەدرێن، کە لە هەمان کاتدا خۆشی بەرهەمهێنەری ئەو دەنگە ساختانەیە.
توێژەران ئەوەشیان خستەڕو، "لەبەر رۆشنایی چاوەڕوانی گەشەسەندن و پێشکەوتنی بەرچاو لە تەکنیکەکانی لاساییکردنەوەی دەنگەکاندا، ئەوەی پێویستە ئەنجام بدرێت، پەرەپێدانی ئامرازی پێشکەوتوترە بۆ دۆزینەوەیان".