لە ژاپۆن کەپسولی "خەوتن" پێشکەش بە کارمەندان دەکرێت

03:28 - 13/08/2023

3259جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ژاپۆن بەناوبانگە بەوەی وڵاتێکە جەخت لەسەر خۆبەدورگرتن لە ماندوبونی سەختی کاتی کارکردن دەکاتەوە کە دەکرێت بارودۆخی توند و نەخوازراو لەخۆبگرێت، بەڕادەیەک کە کلتور و زمانیان چەمکی (کارۆشی) لەخۆدەگرێت، کە بەواتای "مردن بەهۆی ماندوبونەوە" دێت، لە پێناو بەرگەگرتنی ئەم جۆرە فشارەی کارکردن، بەشێک لە کارمەندە ژاپۆنییەکان پەنا دەبەن بۆ وەرگرتنی سەرخەوێک بەوپێیەی دەبێتەهۆی بەرزکردنەوەی ئاستی وزە و چالاکیی بیرکردنەوەیان. 

بەگوێرەی تۆڕی هەواڵی سکای نیوز، کۆمپانیایەکی ژاپۆنی کەپسولێکی خەوتنی دروستکردوە تاوەکو کارمەندەکانی بتوانن لە شوێنی کارکردنیاندا "پشویەک بە وەستانەوە" وەربگرن، کەپسولەکە ناوی (Giraffe Nap)ی لێنراوە  و بە واتای (خەوی کورتی زەرافە) دێت، کە لەرێگەیەوە کارمەندەکان دەتوانن بۆ ماوەیەکی کورتمەودا بخەون و لە دواتردا چالاکانەتر دەست بە کارکردن بکەنەوە.  

کەپسولەکە بەشێوەیەکی ستونی دروستکراوە تاوەکو روبەرێکی زۆر داگیر نەکات لە شوێنی کاردا
کەپسولەکە بەشێوەیەکی ستونی دروستکراوە تاوەکو روبەرێکی زۆر داگیر نەکات لە شوێنی کاردا، ئەو دیزاینە ستونییەشی یارمەتیدەرەوە لەوەی بە شێوەیەکی ئاسان و سادە لە شوێنە گشتییە بچوکەکاندا وەک کافتریا و ریستۆرانتەکاندا جێگیربکرێت، پێدەچێت دیاریکردنی دۆخی راوەستانی کەپسولەکە ئاسانتر بێت بۆ بەکارهێنەر تاوەکو زوتر لە خەوهەڵسێت.

ئەو کەپسولە ژاپۆنییە چەندین تایبەتمەندی لەخۆدەگرێت، لەوانە:

سیستەمێکی ئاگادارکردنەوە کە دەتوانرێت لەلایەن بەکارهێنەرەوە رێکبخرێت.

پاڵپشتیکردنی چەند بەشێکی جیاوازی جەستە، تاوەکو گرەنتی پاراستنی دۆخی ستونی بەکارهێنەر بکات لەکاتی خەوەکەیدا.

سیستەمی رێکخستنی بەرزی بۆ ئەوەی هەرکەسێک بتوانێت لە کاتی بەکارهێنانیدا بەرزییەک بە خواستی خۆی بەدەستبهێنێت.

سیستەمی هەواگۆڕکێ.
کەپسولەکە بە دو جۆری جیاواز لەو وڵاتە بەردەستە
لە ئێستادا کەپسولەکە بە دو جۆری جیاواز لەو وڵاتە بەردەستە، مۆدێلێکی سپی سادە و مۆدێلێکی دیکەش کە دیزاینی ئاسایی لە شێوەی بامبۆ، لەخۆگرتوە، هەردوکیان بە تەواوی "دابڕانی دەنگی دەرەکی" دابین دەکەن، واتا بەکارهێنەر بە هیچ شێوەیەک گوێی لە دەنگی دەرەکی نابێت، هاوکات هەردو جۆرەکە پاڵپشتیکراون بە دابینکردنی "دەنگ و میوزیکی جۆراوجۆر" لە ناوەوە، وەک یارمەتیدەرێک بۆ خەوتنێکی خێراتر.