خەندان-
ئاژانسی هەواڵیی ئەڵمانیا (DPA) رایگەیاند، گەورە کۆمپانیای تەکنەلۆژی جیهانی سامسۆنگ تەلەفزیۆنێکی زیرەکی نوێی بە ناوی "QN990C" و بە نرخی 38 هەزار و 500 دۆلار کە دەکاتە (58 ملیۆن و 520 دینار) دەخاتە بازاڕەوە.
ئاژانسە ئەڵمانییەکە لە هەواڵێکدا باسی لەوەکردوە، "شاشەی تەلەفزیۆنە گرانبەهاکەی سامسۆنگ 98 ئینجە، بە دیقەی 7680 × 4320 پێکسڵ"، لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیا زەبەلاحەکەی کۆریای باشور لە پێگەی فەرمی خۆیەوە، بڵاویکردەوە، "تەلەفزیۆنە زیرەکەکە شاشەیەکی LCDی لەگەڵدایە کە پشتگیریی تەکنەلۆژیای New OLED و Mini LED دەکات".
تەلەفزیۆنە نوێیەکە بە سیستەمی دەنگی 6.4.4 بە توانای 120 وات ئامادەکراوە
ئاماژەی بەوەشکردوە، تەلەفزیۆنە نوێیەکە بە سیستەمی دەنگی 6.4.4 بە توانای 120 وات ئامادەکراوە، لەگەڵ پاڵپشتی تەکنەلۆژیی دەنگیی "دۆلبی ئەتمۆس"ی پێشکەوتو.
ئەم جۆرە تەلەفزیۆنە نوێیەی سامسۆنگ تایبەتمەندیی "Infinity One Design" لەخۆدەگرێت، بەپێی دیزاینە نایابەکەی، لێوارەکانی تەلەفزیۆنەکە زۆر باریک و تەنکن و هۆکارن تاوەکو بتوانرێت بە دیواردا راگیربکرێت، هەروەها چوار بڵندگۆی یەدەکی لەگەڵدایە کە بە شێوەیەک دیزاین کراون تاوەکو بتوانرێن بە سەقفەوە راگیربکرێن.