شەڕی زلهێزەکانی جیهان لەسەر کانزاکانی سەر مانگ دەستپێدەکات

12:32 - 12/08/2023

3846جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەرچەندە بەپێی رێکەوتنێک کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1979، "نابێت مانگ ببێتە موڵکی هیچ وڵات و کەسێک و قەوارەیەک"، بەڵام دەوڵەتە زلهێزەکانی بۆشایی ئاسمان رێککەوتنەکەیان جێبەجێ نەکردوە و لەگەڵ هەڵدانی کەشتییەکی ئاسمانی لەلایەن روسیاوە بۆ سەر روی مانگ، پرسیارێک لەسەر گرنگیی مانگ و کانزا و گەنجینەکانی بۆ مرۆڤ، دروست دەبێت.

روسیا لە ماوەی 47 ساڵدا یەکەمین کەشتی ئاسمانی خۆی ئاڕاستەی روی مانگ کرد، ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە پیشبڕکێدایە لەگەڵ دەوڵەتە زلهێزەکانی دیکەی جیهان وەک ئەمریکا و چین و هیندستان بۆ گەڕان بەدوای توخم و کانزای زیاتر لەسەر روی مانگ.

روسیا: کەشتی زیاتر رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکەین بە ئاڕاستەی مانگدا 
لەوبارەیەوە روسیا رایگەیاند، پێش ئەوەی لەگەڵ چین دەست بە چالاکیی هاوبەش بکەن لەسەر روی مانگ، کەشتی زیاتر رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکات بە ئاڕاستەی مانگدا بە رادەیەک پێدەچێت دروستکردنی وێستگەی ئاسمانیش لەخۆبگرێت. 

کانزا دەگمەنەکان

پێشتر دەستەی کارگێڕیی دەزگای فڕۆکەوانیی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا ناسراو بە (ناسا) باسی لە کانزاکانی سەر روی مانگ کردوە و بە  "زێڕی مانگ" ناویبرون و ئاماژەی بە "ئەگەری هەڵکۆڵین لەسەر روی مانگ، کردوە".
کانزای دەگمەن هەیە لەسەر روی مانگ، کە لە دروستکردنی مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیای بەکاردەهێنرێت
کۆمپانیای "بۆینگ"ی تایبەت بە کاروباری ئبۆشایی ئاسمانی، لە توێژینەوەکیدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی "کانزای دەگمەن هەیە لەسەر روی مانگ، کە لە دروستکردنی مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیای پێشکەوتودا بەکاردەهێنرێت، لەوانە سکاندیۆم، یتریۆم و پانزە توخمی دیکەی گروپی "لانسانید" کە خشتە خولییەکەی پێکدەهێنن".

چۆنییەتی "کانگاکردن"ی مانگ


چۆنییەتی "کانگاکردن"ی مانگ هێشتا ڕون نییە، دەبێت لەو پێناوەدا جۆرێک لە ژێرخان لەسەر مانگ دروست بکرێت، بەڕادەیەک بارودۆخی سەر مانگ وا لە ڕۆبۆتەکان بکات زۆربەی کار و چالاکییە قورسەکان ئەنجام بدەن، بەڵام بە بونی ئاو لەسەر روی مانگ ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ مرۆڤ بۆ ماوەیەکی درێژ بتوانێت بمێنێتەوە لەسەر روەکەی و کار و چالاکی زیاتر ئەنجامبدات.



ئەگەرچی یاساکە ڕون نییە و پڕە لە کەلێن، بەڵام لە دەقەکەیدا هاتوە "بەپێی پەیماننامەی بنەماکانی بەڕێوەبردنی چالاکییەکانی دەوڵەتان لە گەڕان و بەکارهێنانی بۆشایی ئاسمان، کە مانگ و تەنەکانی دیکەی ئاسمانی دەگرێتەوە و لە ساڵی 1996دا دەرچوە، ئەوە هاتوە کە هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە سەروەریی خۆی بەسەر مانگ یان تەنە ئاسمانییەکانی دیکەی بۆشایی ئاسمان رابگەیەنێت، هەروەها گەڕان و هەڵکۆڵین و دۆزینەوەکان لەسەرروەکەی، دەبێت سود و قازانجی هەمو وڵاتان لەخۆبگرێت"، بەڵام پارێزەرانی تایبەت بەم باسە، دەڵێن "تا ئێستا ڕون نییە کە ئایا لایەنێکی دیاریکراو مافی ئەوەی هەیە سەروەریی خۆی رابگەیەنێت بەسەر بەشێکی مانگدا یاخود نا".

مانگ 384 هەزار و 400 کیلۆمەتر لە زەویەوە دورە 

مانگ 384 هەزار و 400 کیلۆمەتر لە زەویەوە دورە و لەرزین و خولانەوەی زەوی بە دەوری ناوەندەکەیدا خاو دەکاتەوە، ئەوەش کەشوهەوایەکی سەقامگیرتر مسۆگەر دەکات، هەروەها مانگ دەبێتەهۆی دروستبونی هەڵچون و داچون لە زەریاکانی جیهاندا.

 

باوەڕی ئێستا ئەوەیە کە مانگ 4.5 ملیار ساڵ لەمەوبەر، لە ئەنجامی پێکدادانی تەنێکی زەبەلاح لەگەڵ زەویدا دروستبوە
باوەڕی ئێستا ئەوەیە کە مانگ 4.5 ملیار ساڵ لەمەوبەر، لە ئەنجامی پێکدادانی تەنێکی زەبەلاح لەگەڵ زەویدا دروستبوە، کە لە پاشاندا کۆبونەوەی پاشماوەی پێکدادانەکە بوەتە هۆی دروستبونی مانگ.

پلەی گەرمی مانگ گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، کاتێک لە ڕۆژێکدا زیاتر لە شەش کاتژمێر بەر تیشکی خۆر دەکەوێت، پلەکەی بەرزدەبێتەوە بۆ 127 پلەی سەدی، لەکاتێکدا لە تاریکیدا دادەبەزێت بۆ نزیکەی 173 پلەی سەدیی سالب، هەروەک روپۆشی دەرەوەی مانگ، ئاسمانی ناپارێزێت لە تیشکی خۆر.