شارەزایانی دارایی عێراق داوای پەسەندکردنی دروشمی "دینارەکەمان" دەکەن

06:45 - 09/08/2023

6120جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پسپۆڕانی دارایی پێیانوایە گەڕانەوەی دۆلار بۆ نرخە ئاساییەکانی پێشوی، پێویستی بە پەسەندکردنی دروشمی "دیناری ئێمە" هەیە و داوا دەکەن هەوڵەکانی دامودەزگاکانی حکومەت و کەرتی تایبەت و راگەیاندن یەکبگرن بۆ پشتگیریکردنی مامەڵەکردن بە دینار و وازهێنان لە مامەڵەکردن بە دۆلار.

سوها ئەلکافی، پسپۆڕی کاروباری دارایی بە سەباح-ی راگەیاند، "سەقامگیریی نرخی دراوەکان لە بازاڕی ناوخۆدا پێویستی بە چارەسەری هاوبەشانە هەیە لەنێوان هاوڵاتیان و بازرگاناندا، بەوپێیەی پرسی مامەڵەکان پێویستی بە گۆڕینە بۆ دیناری عێراقی لەبری دۆلار، بۆ هەمو مامەڵەیەک بەبێ جیاوازی، ئەوەش خواست لەسەر دۆلار کەمدەکاتەوە، بەوپێیەی بازرگانان ناچار دەبێت مامەڵە بە دینار بکات و لەو پێناوەشدا سەردانی بانک بۆ بەدەستهێنانی دۆلار بە مەبەستی هاوردەکردنی بە نرخی هەزار و 320 دینار بەرامبەر یەک دۆلار، هەر لێرەوە دەکرێت خواست لەسەر دۆلار کەمدەبێتەوە.

کەرتی تایبەت دەتوانێت دەستپێشخەر بێت لە دابینکردنی چەند چارەسەرێک کە یارمەتیدەر دەبن بۆ گەیشتن بە سەقامگیری
ئەو پسپۆڕە جەختی لەوەکردەوە، کە "کەرتی تایبەت دەتوانێت دەستپێشخەر بێت لە دابینکردنی چەند چارەسەرێک کە یارمەتیدەر دەبن بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە نرخی ئاڵوگۆڕدا، پرسەکە پێویستی بە یەکگرتن و هاوکاریی نێوان کەرتی تایبەت و بانکی ناوەندی عێراقیدا هەیە".
هاوڵاتی پێویستە خۆی لە مامەڵەکردن بە دۆلار بپارێزێت
ئەو پسپۆڕە وتیشی، "هاوڵاتی پێویستە خۆی لە مامەڵەکردن بە دۆلار بپارێزێت، دەبێت هانا ببات بۆ بازرگانێک کە بە دینار مامەڵە دەکات، بەم شێوەیەش هاوڵاتی بەشدار دەبێت لە کەمکردنەوەی خواست لەسەر دۆلار و بەرزنەبونەوەی نرخی دۆلار، بە پەیڕەویکردنی ئەم میکانیزمەش، دەبێتەهۆی ئەوەی هەمو بازرگانەکان روبکەنە بانکەکان لەپێناو مامەڵەکردن بە دینار، لە بری دۆلار". 
هاوڵاتیان دەتوانن سەقامگیری لە نرخی دراودا بەدەستبهێنین، بە مەرجێک خۆمان لە کڕینی هەر پێویستییەک بە دۆلار بپارێزین
ئەو پسپۆرە داراییە جەختی لەوەشکردەوە، کە "بەم شێوەیە دو لایەنی گرنگ واز لە مامەڵەکردن بە دۆلار دەهێنن، ئەو هاوڵاتییانەی کە مامەڵەی زۆر و جۆراوجۆریان هەیە، بەو پێیەی ژمارەی دانیشتوانی عێراق لە 40 ملیۆن کەس تێدەپەڕێت، هەروەها ئەو بازرگانانەی کە نوێنەرایەتی توێژێکی فراوان کاردەکەن کە پێشەنگی ئابوری وڵاتەکەن، کە هاوردەکانیان 95%ی پێویستیی بازاڕی ناوخۆیی پێکدەهێنن، کاتێک مامەڵەکان بەرەو دینار هەنگاو دەنێن، سەقامگیری لە نرخی دراودا بەدەست دەهێنین، بە مەرجێک خۆمان لە کڕینی هەر پێویستییەک بە دۆلار بپارێزین".

هۆشداریشیدا لە "گرنگیی بەرزکردنەوەی دروشمی مامەڵەکردن بە دینار لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە، لە رێگەی پێشکەشکردنی سیمینار و کۆنفرانس و دەزگاکانی راگەیاندنەوە، بەجۆرێک مامەڵەکردن بە دیناری عێراقی بکرێت، وەک پاڵپشتییەک بۆ بەجێگەیاندنی رێکارەکانی حکومەت بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە نرخی دراوەکاندا".
بازرگانەکان ئەو راستییە باش دەزانن کە مامەڵەکردن بە نرخە فەرمییەکانی ئاڵوگۆڕکردن بە دراو سودبەخشترە
سوها ئەلکافی دڵنیاییدا لە هەوڵە هاوبەشەکانی وەزارەتەکان شانبەشانی دەزگاکانی راگەیاندن بە مەبەستی هەنگاونان بەرەو مامەڵەکردن بە دینار و لە کاتێکدا مامەڵەکردن بە دۆلار تەنها لە نێوان بازرگان و بانکی تایبەتدا ئەنجام بدرێت بە مەبەستی هاوردەکردنی دارایی"، ئاماژەی بەوەشکرد، کە "بازرگانەکان ئەو راستییە باش دەزانن کە مامەڵەکردن بە نرخە فەرمییەکانی ئاڵوگۆڕکردن بە دراو سودبەخشترە و قازانجێکی زیاترە بۆیان".
جەختی کردەوە لە گرنگیی زۆری روکردنە مامەڵەکردن بە دیناری عێراقی لە ناوخۆی وڵاتدا
لەلایەکی دیکەوە، سەلوان ئەلنوری، پسپۆڕی کاروباری ئابوری، جەختی کردەوە لە گرنگیی زۆری روکردنە مامەڵەکردن بە دیناری عێراقی لە ناوخۆی وڵاتدا، هەروەها باسی لە گرنگیی پەیڕەویکردنی ئەو میکانیزمانە کرد کە لە نێوان کەرتی تایبەت (کە کاڵا و خزمەتگوزاری دەخاتەڕو) و بانکیی ناوەندیی عێراقی، لەگەڵ چارەسەرکردنی هەمو ئەو ئاڵەنگارییانەی کە بەربەستن لە بەردەم بازرگانان لەوەی سەردانی سیستەمی بانکی بکەن بۆ بەدەستهێنانی دۆلار بۆ لە پێناو هاوردە دەرەکییەکانیان.
چەند ئاڵەنگارییەک بونیان هەیە کە پێویستی بە وەستانێکی جددی هەیە
سەلوان ئەلنوری ئاماژەی بەوەکرد، "عێراق مامەڵەی فراوانی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهاندا هەیە، هەروەها چەند ئاڵەنگارییەک بونیان هەیە کە پێویستی بە وەستانێکی جددی هەیە بۆ چارەسەرکردنیان لەڕێگەی کۆبونەوەی بەردەوامەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆدەکاتەوە".

ئەوەشی خستەڕو، "سنوردارکردنی مامەڵەکان بە دینار نوێنەرایەتی هەنگاوێکی گرنگ دەکات کە بەهای دینار بەرز دەکاتەوە و بازاڕ دەباتە قۆناغێکی سەقامگیری".

نیشانەکردن

دينار عێراق