خەندان-
لە وەرزی هاویندا و لەگەڵ بەردەوامیی شەپۆلی توندی گەرما لە چەند ناوچەیەکی جیهاندا، منداڵان زیاتر دوچاری مەترسییەکانی وشکبونەوەی لەش و کاریگەریی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما دەبنەوە، وەک چارەسەرێکی سەرەکیش بۆ بەرگرتن لەم حاڵەتە، پزیشکانی ئەمریکی هانی ئاو خواردنەوە دەدەن لە بەردەم منداڵاندا.
رۆژنامەی لۆس ئەنجلۆس تایمز بڵاویکردەوە، "گرنگە نیشانەکانی وشکبونەوەی منداڵان بزانین لەگەڵ باشترین رێگەچارەکان بۆ چارەسەرکردنیان، هەروەک دەبێت چۆنییەتی چاودێریکردنی نیشانەکانی گەرمای توند و کاریگەریی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما بکەین لەسەر منداڵان، بەوپێیەی منداڵانی بچوک زیاتر ئەگەری توشبونیان هەیە بە مەترسییەکانی شەپۆلی گەرما بەراورد بە کەسانی پێگەیشتو".
گرنگە چەند جارێک لە وەرزی گەرمادا، پشکنین بۆ بارودۆخیی تەندروستیی منداڵان ئەنجام بدرێت
دکتۆر چاندانی دیزیۆر، وتەبێژی ئەکادیمیای ئەمریکی تایبەت بە پزیشکیی منداڵان، دەڵێت، "گرنگە چەند جارێک لە وەرزی گەرمادا، پشکنین بۆ بارودۆخیی تەندروستیی منداڵان ئەنجام بدرێت، بەوپێیەی پێدەچێت لە توانایاندا نەبێت درک بە گۆرانکاڕییە تەندروستییەکانی جەستەیان بکەن تاوەکو گەورەکانی لێ ئاگادار بکەنەوە".
دکتۆر چاندانی دیزیۆر ئاماژە بەوەدەدا، لەبەر ئەوەی منداڵان جموجۆڵیان زیاترە و کاتێکی زۆری رۆژانەیان بە یاریکردنەوە بەسەر دەبەن، دەبێت گەورەکان دڵنیابنەوە لەوەی لە وەرزی هاویندا کاتی یاریکردنیان لەبەر تیشکی راستەوخۆی خۆردا بەسەرنەبەن بەتایبەت لە کاتژمێر 10:00ی بەیانی بۆ چواری دوانیوەڕۆ، یاخود دوچاری گەرمایەکی توند نەبن لە شوێنێکی داخراودا، گونجاوترە لەبەر سێبەر یاخود لە شوێنیکی داخراو کە پلەی گەرمای لەبار بێت، یاریبکەن.
هەرکاتێک پلەکانی گەرما لە 32 پلەی سیلیزی تێپەڕی، پێویست دەکات منداڵان لە ژورەوە بمێننەوە
لە لایەکی دیکەوە، دکتۆر ئانۆ سێشاردی، گەورە پزیشکانی سەنتەری پزیشکی زانکۆی کالیفۆرنیا، دەڵێت، "هەرکاتێک پلەکانی گەرما لە 32 پلەی سیلیزی تێپەڕی، پێویست دەکات منداڵان لە ژورەوە بمێننەوە".
پێویست دەکات دایکان و باوکان ببنە پێشەنگ بۆ منداڵەکانیان لەمروەوە
ئاماژە بەوەش دەکات، "بە گشتی ئاو خواردنەوە زۆر گرنگە بەتایبەت لە وەرزی گەرمادا، هەربۆیە پێویست دەکات دایکان و باوکان ببنە پێشەنگ بۆ منداڵەکانیان لەمروەوە، باشترین کارێک کە بیکەن لەم پێناوەدا، ئاوخواردنەوەیە لەبەردەم منداڵەکانیان تاوەکو لێیانەوە فێربن".
ئەوەشی خستەڕو، "کاتێک منداڵ، دایکی و باوکی یاخود گەورەکان دەبینێت ئاو دەخۆنەوە، راستەوخۆ لێیانەوە فێر دەبێت و وەریدەگرێت، ئەمەش گرنگترە لەوەی بە فەرمان پێی بڵێیت ئاو بخۆرەوە".
هەروەک دکتۆر پێشنیاز دەکات لەم وەرزەدا، بەپێی توانا ئاوی سازگار و شیاوی خواردنەوە بەردەوام و بە ئاسانی بەردەست بێت بۆ منداڵان، لەگەڵ میوە و سەوەزە و زەڵاتەکان کە دەوڵەمەندن بە ئاو