سعودیە داوا لە هاوڵاتیانی دەکات بە خێرایی لوبنان بەجێبهێڵن

11:36 - 05/08/2023

5301جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سعودیە داوا لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات کە لوبنان بەجێبهێڵن و خۆیان لە نزیکبونەوە لەو ناوچانە بەدوربگرن کە پێکدادانی چەکداری تێدا ڕویداوە.

باڵیۆزخانەی سعودیە لە لوبنان لە بەیاننامەیەکدا جەختی لە "گرنگی پابەندبون بە قەدەغەکردنی سەفەری سعودیە بۆ لوبنان" کردەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکردوە، کە ئامۆژگاری هاوڵاتیانی دەکات کە خۆیان لە کام ناوچەی لوبنان بەدور بگرن.

شەڕ و پێکدادان لوبنانی لە کەمپی عەین ئەلحیلوەی فەڵەستینی رویداوە و  لانیکەم 13کەس کوژراون
لە 29ی (تەموز/7)ەوە شەڕ و پێکدادان لوبنانی لە کەمپی عەین ئەلحیلوەی فەڵەستینی رویداوە و لە شەڕی نێوان لایەنە ڕکابەرەکاندا لانیکەم 13 کەس کوژراون، کە زۆربەیان چەکدار بون.
ئەو کامپەی شەڕەکەی تیادا رویداوە گەورەترین کەمپی فەڵەستینییە لە 12 کەمپی فەڵەستینی لە لوبنان
بەگوێرەی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین، عەین ئەلحیلوە گەورەترین کەمپی فەڵەستینییە لە 12 کەمپی فەڵەستینی لە لوبنان و نزیکەی 80 هەزار پەنابەری فەڵەستینی لە سەرتاسەری وڵاتدا میوانداری دەکات لە کۆی تا 250 هەزار پەنابەری فەڵەستینی.

کوەیت و بریتانیا ئامۆژگاری بۆ هاوڵاتیان دەردەکەن

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، جگە لە سعودیە، کوەیت و بریتانیا رێنماییان بۆ هاوڵاتیانی خۆیان دەرکردوە، کە وریابن و خۆیان لە "ناوچەکانی پشێوی ئەمنی" بەدور بگرن، بەڵام کوەیت داوایان نەکردوە کە لوبنان بەجێبهێڵن.
هەمو گەشتێک جگە لە گەشتە پێویستەکان بۆ بەشێک لە باشوری لوبنان ئەنجام نەدرێت
لەلایەکی دیکەوە بریتانیا ئامۆژگارییەکانی گەشتەکانی بۆ لوبنان نوێکردەوە و دەڵێت، "هەمو گەشتێک جگە لە گەشتە پێویستەکان بۆ بەشێک لە باشوری لوبنان لە نزیک کەمپی عەین ئەلحیلوە ئەنجام نەدرێت".

حزبوڵای لوبنان داوای ڕاگرتنی پێکدادانەکان دەکات

حەسەن نەسروڵا، سکرتێری گشتی حزبوڵای لوبنان داوای ڕاگرتنی تێکهەڵچونەکانی کرد، و وتی، "نابێت ئەم شەڕە بەردەوام بێت چونکە کاردانەوەکانی خراپن بۆ دانیشتوانی کەمپەکە، بۆ گەلی خۆشەویستی فەڵەستین و بۆ هەمو لوبنان".

نەسروڵا ئاماژەی بەوەکرد، هەرکەسێک بتوانێت "فشار بکات، وشەیەک بڵێت، پەیوەندی بکات، هەوڵبدات بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەست، پێویستە ئەو کارە بکات".

نیشانەکردن

سعودیە لوبنان