ئێران لەبارەی چەککردنی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، پەنا بۆ پلاسخارت دەبات

09:57 - 04/08/2023

3155جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

باڵیۆزی ئێران لە بەغدا لەگەڵ جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق کۆبوەوە و  داوای کردوە لە داماڵینی چەک لە دەستی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، یارمەتیی وڵاتەکەی بدات. 

ئێران پێویستی بە هەماهەنگی نەتەوە یەکگرتوەکانە

بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی ئێران ئیرنا-ی ئێران، محەمەد کازم سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا لەگەڵ جینین پلاسخارت کۆبوەتەوە و رایگەیاندوە، "ئێران پێویستی بە هەماهەنگی نەتەوە یەکگرتوەکانە بۆ روبەڕوبونەوەی هەڕەشەی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان".

پلاسخارت لەو دیدارەدا باسی لە سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ تاران کردوە
لە هەواڵەکەدا هاتوە، پلاسخارت لەو دیدارەدا باسی لە سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ تاران کرد و بە ئەرێنی وەسفی کرد و داوای هاوکاری زیاتری ئەمنیی نێوان عێراق و ئێرانی کردوە.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق سەرەتای ئەم هەفتەیە بە سەرۆکایەتی شاندێکی نەتەوە یەکگرتوەکان سەردانی تارانی کرد، لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی ئێرانی بە سەرۆکایەتی حسێن ئەمیر عەبدوللەهیان وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوەوە.