خەندان-
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابوری رایدەگەیەنێت، هێشتا ئەو پارەیەی بەغدا بڕیاریداوە نەگەیشتوەتە دەستیان و چاوەڕوان دەکەن سبەینێ پارەکە بگات و دوای ئەوەش راستەوخۆ خشتەی موچە رادەگەیەنن و دەستدەکەن بە دابەشکردنی موچە، دەشڵێت، "هەوڵدەدەین هەر سبەی موچەی دو وەزارەت دابەشبکەین و ئامانجیشمان ئەوەیە لە کەمتر لە هەفتەیەکدا موچەی هەمو شوێنەکان دابەشبکەین".
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، "کاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە وەزیری دارایی عێراق واژۆی لەسەر ناردنی بەشێک لە پشکی هەرێمی کوردستان کردوە و فەرمان بە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق کراوە پارەکە بخاتە سەر هەژماری دارایی هەرێم، بەڵام ئەمڕۆ فریاکەنەوت پارەکە بگات و چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ پارەکە بگاتە دەستمان و هەر کە پارەکەمان وەرگرت رەنگە پێش نیوەڕۆ بەفەرمی خشتەی موچە رابگەیەنین".
هەوڵەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ ئەوەیە کە هەر سبەینێ موچەی دو شوێن دابەشبکرێت
ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ ئەوەیە کە "هەر سبەینێ موچەی دو شوێن دابەشبکرێت"، چونکە موچەی مانگی شەش زۆر دواکەوتوە و ئەگەر سبەی ئێوارەش بێت هەوڵدەدەن دەستبەدابەشکردنی موچە بکرێت.
ئەو 598 ملیار دینارەی رەوانە دەکرێت بە ناوی موچەی مانگی شەشەوە دێت
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی و ئابوری وتی، "ئەو 598 ملیار دینارەی رەوانە دەکرێت بە ناوی موچەی مانگی شەشەوە دێت و دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی شەش دەکەین و چاوەڕوان دەکەین پارەی موچەی مانگی حەوت بەپێی یاسای بودجە رەوانە بکرێت دوای ئەوەی رێنماییەکان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دەرچون".
نیەتی ئێمە بۆ ئەوەیە کە لە کەمتر لە هەفتەیەکدا موچەی مانگی شەش دابەشبکەین
پەیوەست بەوەی چۆن ئەو کورتهێنانەی کە هەیە بۆ موچەی مانگی شەش پڕدەکەنەوە؟ بەرپرسەکەی وەزارەتی دارایی و ئابوری وتی، "بە داهاتی ناوخۆ هەوڵدەدەین هەرچۆنێکە ئەو پارەیەی دیکەی دابینبکەین، نیەتی ئێمە بۆ ئەوەیە کە لە کەمتر لە هەفتەیەکدا موچەی مانگی شەش دابەشبکەین، بەڵام ئەو شتانە لەدوای گەیشتنی پارەکە یەکلایی دەبێتەوە و سبەینێ کۆبونەوەی بەڕێوەبەرە گشتیەکان دەبێت لەوبارەیەوە".
چاوەڕوان دەکەین کە لەدوای دەرچونی رێنماییەکانی یاسای بودجە، پشکی کورد رەوانەی هەرێم بکرێت
لەبارەی چارەنوسی موچەی مانگی حەوت، ئەو بەرپرسە ئاگادارە دەڵێت، "چاوەڕوان دەکەین کە لەدوای دەرچونی رێنماییەکانی یاسای بودجە، پشکی کورد رەوانەی هەرێم بکرێت، ئەوکات دەردەکەوێت چۆن دەبێت".
حکومەتی فیدڕاڵی بڕی 598 ملیار دینار بۆ موچە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ حکومەتی هەرێم ئاشکرایکرد، کە حکومەتی فیدڕاڵی بڕی 598 ملیار دینار بۆ موچە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەوەش لەکاتێکدایە بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، پشکی مانگانە هەرێم 906 ملیار دینارە.
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تائێستا موچەی مانگی شەش و حەوتی ئەمساڵیان وەرنەگرتوە، ماوەی سێ رۆژیشە بایکۆتی دەوام لە هەندێک لە دامەزراوەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەستیپێکردوە و فەرمانبەران داوا دەکەن هەرچی زوە موچەکانیان پێبدرێت.