بەکوژرانی زانایەکی کەنەدی موشەکە زەبەلاحەکەی سەدام پەکخرا.. چیرۆکی روداوەکە چیە

12:14 - 02/08/2023

8487جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەر کە زانای کەنەدی جیراڵد پاوڵ لە 22ی (ئازار/3)ی 1990دا چوە ناو شوقەکەی لە برۆکسل، بەچەکی بێدەنگ و سێ گوللـە لە پشتی و دو گوللـەش لە سەری لێدرا و تیرۆرکردنەکە تا ئێستا بە نهێنی ماوەتەوە، لەکاتێکدا ئەو زانا کەنەدیە سەرقاڵی دروستکردنی "موشەکی زەبەلاحی سەدام" بو.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەو کاتەدا بڵاویکردەوە، کاتێک تیمی پۆلیسی بەلجیکا گەیشتنە شوێنی تاوانەکە، کلیلەکە بە قوفڵی دەرگای شوقەکەوە هەڵواسرابو، هەروەها 20 هەزار دۆلاری کاش لەناو جانتای قوفڵکراوی زانا کەنەدییەکەدا دۆزرایەوە.

یەکێک لە گێڕانەوەکان ئەوە دەردەخات کە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی (مۆساد) لە پشت ئەو تیرۆرەوەیە

تا ئێستاش بکوژەکەی جیراڵد پاوڵ نادیارە و یەکێک لە گێڕانەوەکان ئەوە دەردەخات کە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی (مۆساد) لە پشت ئەو تیرۆرەوەیە، بەشێکی دیکەی سیناریۆکانیش تێوەگلانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا و بریتانیا و تەنانەت ئەفریقای باشور و ئێرانیش لەو تاوانە تێوەدەگڵێنن.

چەندینجار هێرشکرایە سەر شوقەکەی جیراڵد پاوڵ لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا 

چەند مانگێک بەر لە تیرۆرکردنەکە، چەندینجار هێرشکرایە سەر شوقەکەی جیراڵد پاوڵ لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا و پێدەچێت ئەمە دوا هۆشداریی بوبێت کە پێیدرابێت، بەهۆی کارەکانی لەگەڵ عێراق بۆ دروستکردنی "موشەکی زەبەلاحی سەدام".

عێراق لە دوژمنایەتی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوادا نەبو و پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا باش بو

لەو سەردەمەدا عێراق لە دوژمنایەتی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوادا نەبو و پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا باش بو، بەشێک لە بانکە ڕۆژئاواییەکانیش لە کاتی شەڕی ئێران لە نێوان ساڵانی 1980-1988 پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ بەغدا هەبو.

گومرگی بریتانی لەسەر داوای دەزگای هەواڵگری بیانی (MI6) دەستی بەسەر بارهەڵگرێکدا گرت

دوای دو هەفتە لە تیرۆرکردنی ئەو زانایە کەنەدییە لە برۆکسل، گومرگی بریتانی لەسەر داوای دەزگای هەواڵگری بیانی (MI6) دەستی بەسەر بارهەڵگرێکدا گرت کە پێکهاتەکانی موشەکی سوپەری هەڵگرتبو لە دەروازەی تیسپۆرت لە باکوری یۆرکشایر و ڕاگەیەندرا کە بەشێک لە بۆریەکان دەستی بەسەردا گیراوە.

کەنەدی جیراڵد پاوڵ پسپۆڕ بو لە بواری بالیستیک 

زانای بەتوانای کەنەدی جیراڵد پاوڵ پسپۆڕ بو لە بواری بالیستیک و ڕۆڵی سەرەکی لە پەرەپێدانی تۆپخانەی دورمەودا لە سەدەی بیستەمدا دەگێڕا.

لەم پڕۆژەیەدا دەرفەتێکی دۆزیەوە بۆئەوەی بە تێچوی زۆر کەم بەشداری پێشبڕکێی داگیرکردنی بۆشایی ئاسمان بکات

ئەم زانایە کەنەدییە لە ماوەی ساڵانی شەستەکاندا کاری لەسەر پڕۆژەی "هاراپ" کردبو وەک بەشێک لە تیمێکی 300 پسپۆڕ و شارەزایی کە لەلایەن ئەمریکا و کەنەدا پارەیان بۆ دابینکرابو، بەڵام لەم پڕۆژەیەدا دەرفەتێکی دۆزیەوە بۆئەوەی بە تێچوی زۆر کەم بەشداری پێشبڕکێی داگیرکردنی بۆشایی ئاسمان بکات.

لە هەڵدانی موشەکێک کە کێشی یەک تۆن و 500 کیلۆ بو بۆ بەرزی 66 کیلۆمەتر سەرکەوتو بو

لەو پڕۆژە ئومێدبەخشەدا، ئەم ئەندازیارە سەرکەوتو بو، لە هەنگاوێکی سەرەتاییدا، لە هەڵدانی موشەکێک کە کێشی یەک تۆن و 500 کیلۆ بو بۆ بەرزی 66 کیلۆمەتر، دواتر بەرزییەکەی لە ساڵی 1966 بۆ 180 کیلۆمەتر بەرزکرایەوە.

ئامانجی پڕۆژەکە کە بریتیبو لە گەیاندنی تەنێک بەمجۆرە چەکە سەرسوڕهێنەرەوە بۆ خولگە

ئامانجی کۆتایی پڕۆژەکە کە بریتیبو لە گەیاندنی تەنێک بەمجۆرە چەکە سەرسوڕهێنەرەوە بۆ خولگە، ئەمەش بوە هۆی کەمکردنەوەی بودجە و داخستنی کۆتایی پڕۆژەکە لە ساڵی 1968.

، جیراڵد پاوڵ لەسەر بیرۆکەکەی خۆی سوربو کە پڕۆژەی چەکی سوپەر ڕێگایە بۆ داهاتو

سەرەڕای هەمو ئەمانە، جیراڵد پاوڵ لەسەر بیرۆکەکەی خۆی سوربو کە پڕۆژەی چەکی سوپەر ڕێگایە بۆ داهاتو و تاکە شتێک کە پێویستی پێی بو، بودجە بو.

جارێک زیندانی دەکرێت و بۆ جاری دوەمیش غەرامەیەکی زۆر

دوای هەوڵە شکستخواردوەکانی بۆ کارکردن لە باشوری ئەفریقا، جارێک زیندانی دەکرێت و بۆ جاری دوەمیش غەرامەیەکی زۆر، نوێنەرانی حکومەتی عێراقیش لە ساڵی 1981 پەیوەندییان پێوە کرد و بانگهێشتیان کرد بۆئەوەی لە وڵاتەکەیان کار بکات.

وڵاتانی ڕۆژئاوا لەو کاتەدا ناڕەزایەتیان نەبو بەرامبەر بەو جۆرە هاوکارییە

وڵاتانی ڕۆژئاوا لەو کاتەدا ناڕەزایەتیان نەبو بەرامبەر بەو جۆرە هاوکارییە چونکە لەو کاتەدا عێراق بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن بە هەڕەشەیەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان نەدەزانی.

ئەو زانایە کەنەدییە بەشداری پرۆژەی بابلی کرد و دەستی بە کارەکانی کرد بە پەرەپێدانی دو موشەکی سوپەر

ئەو زانایە کەنەدییە بەشداری پرۆژەی بابلی کرد و دەستی بە کارەکانی کرد بە پەرەپێدانی دو موشەکی سوپەر، یەکەمیان قەبارەی تەواو کە بریتییە لە بابلی گەورە بە قەبارەی هەزار ملم و دوەم موشەکی سوپەریش بە قەبارەی 350 ملم کە ناوی لێنرا بابلی بچوک.

بڕیار بو لولەی موشەکی بابلی گەورە درێژییەکەی 160 مەتر و تیرەکەی یەک مەتر بێت

بڕیار بو لولەی موشەکی بابلی گەورە درێژییەکەی 160 مەتر و تیرەکەی یەک مەتر بێت، لەکاتێکدا پێشبینیدەکرا کۆی کێشی ئەم سیستەمە تۆپخانە ناوازەیە هەزار و 510 تەن بێت.

خەونی ئەو زانایە کەنەدییە بۆ گۆڕینی موشەکە گرانبەها هەڵگری مانگە دەستکردەکان بە موشەکەکەی کە تێچوی زۆر کەم بو، بەدی نەهات، پڕۆژەکە بە تیرۆرکردنی کۆتاییهات. 

شارەزایان دەڵێن ئەگەر سەدام حسێن بیتوانیایە (موشەکی زەبەلاحی سەدام) لەڕێگەی ئەو زانا کەنەدیەوە دروستبکات، ئەوا هەمو ئەو موشەکە زەبەلاحە بەناوبانگانەی کە ئەڵمانییەکان لە دو جەنگی جیهانیدا دروستیان کردبو، دەیتوانی وێرانی بکات.

نیشانەکردن

عێراق كه‌نه‌دا