داوای دەرکردنی خێرای رێنماییەکانی بودجە دەکرێت؛ هۆکاری نەناردنی پشکی کورد راگەیەندرا

06:37 - 01/08/2023

23476جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لیژنەی دارایی پەرلەمان داوای لە وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان کرد، ڕێنمایی بۆ بڕگەکانی بودجە دەربکەن و بیانخەنە کار، بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی هەندێک لە بڕگەکان بکەن کە لەلایەن حکومەتەوە تانەیان لێدراوە، دەشڵێت، "پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و رەوانەکردنی پشکی لە بودجە پەیوەندی بە دەرنەچونی رێنماییەکانی بودجەوە هەیە".

مستەفا الکرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباح-ی راگەیاند، "دواکەوتنی دەرکردنی رێنماییەکانی بودجە نادروستە، بەو پێیەی هیچ پاساوێکی ڕاستەقینە و یاسایی نییە بۆ لەکارخستنی خەرجییە سەرەکییەکانی پەیوەست بە قەرەبوکردنەوەی فەرمانبەران یان بودجەی وەبەرهێنان، دەتوانرێت ئەو ماددانە هەڵپەسێردرێت کە تانەیان لێدراوە و بە ناسەرەکی دابنرێن بەڵام ئەو ماددانەی پەیوەندیان بە ژیانی خەڵکەوە پێویستە کاریان پێبکرێت".

وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان زۆر دواکەوتون لە دەرکردنی ڕێنماییەکانی بودجە
ئاماژەی بەوەشکرد، "وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان زۆر دواکەوتون لە دەرکردنی ڕێنماییەکانی بودجە دوای تێپەڕبونی زیاتر لە مانگێک بەسەر دەرچونی لە ڕۆژنامەی فەرمیدا، هەربۆیە دەبێت حکومەت بە خێرایی ڕێنماییەکان دەربکات".
تا ئێستا هیچ پاساوێکی واقیعی نییە بۆ دواخستنی ئەو ڕێنماییانە بۆ کارکردن بە یاسای بودجە
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمان وتیشی، "تا ئێستا هیچ پاساوێکی واقیعی نییە بۆ دواخستنی ئەو ڕێنماییانە بۆ کارکردن بە یاسای بودجە، لەلایەن لیژنەی داراییەوە فشار دەخرێتە سەر حکومەت بۆ ئەوەی رێنماییەکان دەربکات".
دواکەوتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، پەیوەندی بە ڕێنماییەکانی بودجەوە هەیە
سەبارەت بە نەوتی هەرێم و دواکەوتنی هەناردەکردنی، مستەفا الکرعاوی ڕونیکردەوە، "ئەم بابەتە پەیوەندی بە ڕێنماییەکانی بودجەشەوە هەیە، ئەو نەوتە لە هەرێمەوە هەناردە نەکرێت بۆ پاڵاوگەکانی ناوخۆ بەکاردەهێنرێت و ئەو بڕە پارەیەی کە پێویستیانە بۆیان دابین دەکرێت، چونکە هیچ شتێک نییە کە ئەم بابەتانە لەناو حکومەتدا ڕێکبخات، تەنها بە دەرکردنی ڕێنماییەکانی بودجە نەبێت".