بەتۆمەتی كوشتنی كارمەندێكی ئاسایش سێ تۆمەتبار دەستگیركران.. بنەماڵەكەی رونكردنەوە دەدات

08:25 - 01/08/2023

14883جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بنەماڵەی ئەو كارمەندەی ئاسایشی هەڵەبجە كە شەوی هەینی رابردو لەڕوبەڕوبونەوەیەكدا گیانی لەدەستدا، رەتیدەكەنەوە كێشەی كۆمەڵایەتی و شەخسیان لەگەڵ هیچ كەس و لایەنێك هەبێت و راشیدەگەیەنن، "لەئێستادا سێ تۆمەتبار دەستگیركراون و كەیسەكەمان داوەتە دەست دادگا و چاوەڕێن یاسا سەروەر بێت".

بنەماڵەی شەهیدی ئاسایش سۆران جەلال شاوەیس لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "شەوی هەینی ڕێكەوتی 28ی (تەمموز/7)ی 2023 لەكاتی دەوامی فەرمی و بەمەبەستی بەجێهێنانی ئەركی حكومی، مەفرەزەیەكی ئاسایشی هەڵەبجە دەردەچن بۆ دەستبەسەراگرتنی كۆمەڵێك ماتۆرسكیل، لەئەنجامدا كارەساتێكی دڵتەزێن رودەدات كە دەبێتە هۆی شەهیدبونی كوڕێكمان بەناوی (سۆران جەلال عەلی شاوەیس) كە كارمەند بوە لەبەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەڵەبجە".

لەسەرەتای روداوەكە دو تۆمەتەبار دەستگیركران
ئاماژەی بەوەشكردوە، "هەر لەسەرەتای روداوەكە دو تۆمەتەبار دەستگیركران، ئەوەی سێیەمیان هەڵهاتبو ، ئەمرۆ ئەویش رادەستی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە كرا".
هیچ كێشەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و شەخسیمان لەگەڵ هیچ كەس و لایەك نیە
ئەوەشیخستۆتەڕو، "ئێمە وەكو بنەماڵەكەمان، هیچ كێشەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و شەخسیمان لەگەڵ هیچ كەس و لایەك نیە و كاكە سۆرانی جوانەمەرگ لەپێناوی چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی بۆ هاوڵاتیان گیانی بەختكردوە، هەر بۆیە كەیسەكەمان داوەتە دەستی دادگا، چاوەڕیین یاسا سەروەر بێت و ئەوانەی كە تاوانەكەیان بەسەردا ساغ دەبێتەوە سزای عادیلانەی خۆیان وەربگرن و حەقی كورەكەمان وەربگرین".

نیشانەکردن

ئاسایش

بەپەلە