خەندان-
پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی روسیا لەم دواییانەدا بەرەو ئاساییبونەوەی چون، ئەوەش لەدوای سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ دیمەشق کە یەکەمین سەردانی بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەیە لە ساڵی 2011وە، بەڵام هۆشداری دەدرێت لەوەی کە "شکاندنی ئەو سزایانەی بەسەر سوریا و ئێراندا سەپێنراوە، لێکەوتەی ترسناکی بۆ ئابوری عێراق دەبێت".
عێراق بە درێژایی ساڵانی شەڕی سوریا، تەنانەت دوای دابڕانی لە وڵاتانی عەرەبی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی سوریا پاراست، بەڵام ئەو پەیوەندیانە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردودا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی دوای ئەوەی وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژێمەکە ئاساییکردەوە.
پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەسەد ڕەنگە کاردانەوەی پاشەکشەی هەبێت لەسەر ئابوری عێراق
ڕۆژنامەی "العربی جدید" لە راپۆرتێکدا باسی لەوەکردوە، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەسەد "ڕەنگە کاردانەوەی پاشەکشەی هەبێت لەسەر ئابوری عێراق"، تەنانەت لەسەری دەسکەوتە سیاسیەکانی، تەنانەت مەترسی ئەوە دەکرێت کە ئەمریکا سزای نوێ بەسەر بانکە عێراقییەکاندا بسەپێنێت.
سزاکان ئەو بانکانە دەگرێتەوە کە خاوەندارێتیان بۆ لایەنە دەسەڵاتدارەکانی عێراق دەگەڕێتەوە
دوای ئەو دیدارەی کە سەرۆک وەزیرانی عێراقی لەگەڵ بەشار ئەسەد لە دیمەشق کۆکردەوە، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر 14 بانکی عێراقیدا سەپاند، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ هەفتەی ڕابردو بڵاویکردەوە، سزاکان ئەو بانکانە دەگرێتەوە کە خاوەندارێتیان بۆ لایەنە دەسەڵاتدارەکانی عێراق دەگەڕێتەوە، ئەوەش "لەبەر ئەوەی دراوی ئەمریکییان بۆ ئێران و سوریا و لوبنان گواستوەتەوە".
ئەمریکا ڕێگری لە 14 بانکی عێراقی کرد، کە مامەڵە بە دۆلاری ئەمریکی ئەنجام بدەن ئەوەش بوەهۆی دابەزینی بەهای دینار
بەپێی ئەو سزایانە، ئەمریکا ڕێگری لە 14 بانکی عێراقی کرد، کە مامەڵە بە دۆلاری ئەمریکی ئەنجام بدەن، ئەوەش بوەهۆی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان و بەرزبونەوەی نرخی کاڵاکان و وەستانی زیاتری بازاڕەکان.
رێوشوێنەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا "پەیام"ی ئابوری بۆ عێراق هەڵدەگرن
یاسین تەها، شرۆڤەکاری سیاسی لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ رۆژنامەی "العربی جدید" رایگەیاند، رێوشوێنەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا "پەیام"ی ئابوری بۆ عێراق هەڵدەگرن، مانای ئەو پەیامانە ئەوەیە کە "شکاندنی ئەو سزایانەی بەسەر سوریا و ئێراندا سەپێنراوە، لێکەوتەی ترسناکی بۆ ئابوری عێراق دەبێت".
عێراق هیوادارە بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی سوریا، بۆری نەوتی کەرکوک- بانیاس بگەڕێنێتەوە
لەلایەکی دیکەوە عێراق هیوادارە بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی سوریا، بۆری نەوتی کەرکوک- بانیاس بگەڕێنێتەوە، کە لە ساڵی 2003ەوە ڕاگیراوە، بەڵام بە گوتەی شرۆڤەکاری سیاسی یاسین تەها، ئاستەنگی زۆر لەبەردەم ئەم پڕۆژەیەدایە.
ڕونیشی کردەوە، "هاندانی ئەم بابەتە لە ئێستادا ئامانجی ئەوەیە فشار بخاتە سەر تورکیا بۆ ئەوەی بەپێی پلانێکی نوێ دەست بە هەناردەکردنی نەوت لە باکوری عێراق بکاتەوە".