هەرێم و بەغدا لەسەر پێنج خاڵ رێککەوتن؛ ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە ئاشکرا دەکرێت

12:41 - 27/07/2023

29859جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر پێنج خاڵ گەیشتنە رێککەوتن، کە تیایدا بڕیاردرا لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە داهاتە نانەوتییەکانی پێکبهێنرێت، هەروەها حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت کە پارەی کۆمپانیا نەوتییەکان بدات و رۆژانەش 50 هەزار بەرمیل نەوت دەنێرێت بۆ پاڵاوتگەکانی باکور، هەرکاتێکیش هەرێم پابەندبو بە رێککەوتنەکەوە پشکی خۆی بۆ رەوانە دەکرێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق راگەیاند، کە بەپێی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە چەند پابەندیەک بۆ هەرێم دیاریکراوە و لە بەرامبەردا پشکی کوردستان رەوانە دەکرێت، بڕیاریشە سەرەتای هەفتەی ئایندە موچەی فەرمانبەران بگاتە هەولێر.

وەزارەتی دارایی عێراق 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەکان دەداتەوە هەرێم
رێککەوتنەکەی هەرێم و بەغدا لە پێنج خاڵ پێکهاتوە کە تیایدا دەڵێت، "لیژنەیەکی هاوبەش بۆ لێکۆڵینەوە لە داهاتی نانەوتی پێکدەهێنرێت و وەزارەتی دارایی عێراق 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەکان دەداتەوە هەرێمی کوردستان".
هەرێم رۆژانە دەبێت 50 هەزار بەرمیل نەوت بنێرێت بۆ پاڵاوتگەکانی باکور
لە رێکەوتنەکەدا هەرێمی کوردستان پابەندکراوە بەپێدانی پارەی کۆمپانیا نەوتییەکان و هەروەها رۆژانە دەبێت 50 هەزار بەرمیل نەوت بنێرێت بۆ پاڵاوتگەکانی باکور، لە دوای جێبەجێکردنی پابەندییەکانی سەر هەرێم حکومەتی عێراق شایستە داراییەکانی کوردستان رەوانە دەکات.
حکومەتی هەرێم پابەندە بە ڕادەستکردنی بەرهەمی نەوتی خۆی
هاوکات ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە ڕادەستکردنی بەرهەمی نەوتی خۆی بە وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی بەپێی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان و بەپێی ئەوەی لە بودجەدا هاتوە، جا بۆ بەکارهێنان بێت لە بازاڕی ناوخۆیی یان پاڵاوگە یان هەناردەکردن".
 جۆرێک لە پشتڕاستکردنەوە و ئامادەیی شاندی حکومەتی فیدڕاڵیمان بینیوە
ئەوەشی خستوەتەڕو، جۆرێک لە پشتڕاستکردنەوە و ئامادەیی شاندی حکومەتی فیدڕاڵییان بینیوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسی بابەتی پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان.

ئومێد سەباح وتیشی، "ئەو رێککەوتنەی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی واژۆکراوە پەیوەندی بە کۆمەڵێک باجی داراییەوە هەیە بۆ هەرێم، ڕێککەوتوین لەسەر ئەوەی بە زوترینکات دەست بە رەوانەکردنی پارە بۆ هەرێم بکرێت، دواتر هەولێریش دەست بە پێدانی موچەی فەرمانبەران دەکات".