خەندان-
تادێت خراپی پەیوەندیەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەسەر موچەی فەرمانبەران زیاتر رەنگدەداتەوە و وایکردوە "رەوانەکردنی پشکی کورد لە بەغداوە دوابکەوێت"، وتەبێژی حکومەت هەندێک کەس و لایەن تۆمەتبار دەکات كە "لە پێگەی هەرێم دەدەن"، پەرلەمانتارێکی یەکێتیش دەڵێت، "ئەو قسانەی وتەبێژەکە ناچێتە گیرفانی خەڵکەوە" پارتی و وەزیری دارایی خۆیان لە موچە "بێبەری کردوە" و یەکێتیش کاردەکات بۆ ئەوەی بەزوترین کات پشکی کورد رەوانەبکرێت و لە دو رۆژی ئایندەدا 800 ملیار دینار دەگات.
بەگوێرەی زانیاریەکانی خەندان، هۆکاری دواکەوتنی پشکی کورد لە بەغداوە بۆ ناکۆکی قوڵی نێوان پارتی و یەکێتی و پارتە سیاسییەکانی دیکەی هەرێم دەگەڕێتەوە، کە ناکۆکن و نێوماڵێکی پەرتەوازەیان دروستکردوە، بەجۆرێک پارتی دەیەوێت بە هەمان میکانزمی رابردو پارەکە ببرێتە خەزێنەی حکومەتی هەرێم و لەوێوە دابەشبکرێت، بەڵام یەکێتی لەسەر رەوانەکردنی پارەکە رای جیاوازی هەیە، نەوەی نوێش دەڵێت، "باخەڵک هەمو بزانن کە تائێستا حکومەتی هەرێم ئامادەنییە نەوت تەسلیم بکات".
لایەنە عێراقییەکان دەڵێن، ئەم دەسەڵاتەی ئێستا شەرعییەتی نەماوە
خەندان زانیویەتی، لایەنە عێراقییەکان لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ پارتی و یەکێتی لایەنە سیاسییەکاندا دەڵێن، پێویستە هەرچی زوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدەن، چونکە "ئەم دەسەڵاتەی ئێستا شەرعییەتی نەماوە".
پێویستە هەڵبژاردنەکانی کوردستان دوانەخرێت و بەپێى یاساو دەستورى عێراق ئەنجامبدرێت
یەکێک لەو بەرپرسە عێراقییانەی باسی لە پێویستی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن کردوە، نوری مالیکییە، کە بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەکەی ناوبراو وتویەتی، "پێویستە هەڵبژاردنەکانی کوردستان دوانەخرێت و بەپێى یاساو دەستورى عێراق ئەنجامبدرێت".
سودانی سورە لەسەر ئەوەی پێویستە هەرچى زووە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت
وتەکانی مالیکی دوای ئەوە دێت کە نوسینگەى محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانى عێراقیش لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "سودانی سورە لەسەر ئەوەی پێویستە هەرچى زووە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت".
هەندێک لایەن ئەم چەند ساڵە بە هیچ جۆرێک گوێیان بە پێگەی یاسایی و دەستوری هەرێم نەداوە
ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەتایبەتی، لە راگەیەندراوێکی ئەمڕۆی پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان (لە پشکی پارتی) بەڕونی رەنگیداتەوە، کە
دەڵێت، "پەیامی ئێمە بۆ بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان و خەڵکانێک هەیە کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵە بە هیچ جۆرێک گوێیان بە پێگەی یاسایی و دەستوری هەرێمی کوردستان نەداوە و وەک هاونیشتمانییەکی خەمخۆری خەڵکی کوردستان ڕەفتاریان نەکردوە".
بۆ جارێکیش بێت بەرپرسیارانە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و مافە دەستورییەکانیان بجوڵێنەوە
وتەبێژەکەی حکومەتی هەرێم ئەو لایەنانە تۆمەتبار دەکات کە هەرچەندە ناویان ناهێنێت و دەڵێت، "لەمە زیاتر لە پێگەی هەرێمی کوردستان نەدەن و بۆ جارێکیش بێت بەرپرسیارانە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و مافە دەستورییەکانیان بجوڵێنەوە و مامەڵە بکەن، ئەم پرسە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە هەیە و بابەتی موزایەدە و بانگەشەی هەڵبژاردن نییە و پێویستە نەکرێتە ئامرازێک بۆ لێدان لە پێگەی یاسایی و دەستووریی هەرێمی کوردستان".
وەزارەتی دارایی رادەسپێردرێت بۆ جێبەجێکردنی بودجەکە و خەرجکردنی پارە
هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەخەندان-ی راگەیان-ی راگەیاند، "دوای ئەوەی پێداچونەوە بە بودجەی گشتی عێراقدا دەکرێت لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی رادەسپێردرێت بۆ جێبەجێکردنی بودجەکە و خەرجکردنی پارە، ئەو فەرمانە دوێنێ گەیشتوەتە وەزارەتی دارایی عێراق".
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیری دارایی عێراق وتویەتی، "لەماوەی دو رۆژی ئایندەدا دەستدەکەین بە خەرجکردنی پارە لەنێویاندا پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".
ئەوەی پەیوەندی بە پشکی کوردەوە بوە بە یاسا و حکومەتی عێراق پابەندە بەوەی کە جێبەجێی بکات
ماوەی دو رۆژە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا لە بەغدایە و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی و ژمارەیەک لە بەرپرسی دیکەی لایەنی عێراقی کۆبوەتەوە، پەرلەمانتارێکی ئەو حزبە دەڵێت، "ئەوەی پەیوەندی بە پشکی کوردەوە بوە بە یاسا و حکومەتی عێراق پابەندە بەوەی کە جێبەجێی بکات، ئەو کێشانەی ئێستا هەن تەکنیکین و رێوشوێنی جێبەجێکردنی بودجەن".
کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا زیاتر لە 9 ساڵە بەردەوامە و ماوەیەکی زۆر دابڕان هەیە بەشەو و رۆژێک چارەسەر ناکرێت
کاروان یاروەیس، ئەندامی فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، "بەهۆی ئەوەی کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا زیاتر لە 9 ساڵە بەردەوامە و ماوەیەکی زۆر دابڕان هەیە، ئێستا کە رێککەوتون و یاسای بودجە هەیە قۆناغێکی ئاسان نیە کە بڵێین کێشەی کەڵەبوی 10 ساڵ بە شەو و رۆژێک چارەسەر ببێت، بەڵام بنەمایەکی یاسایی گەورەمان هەیە و پشکی کورد تیایدا جێگیرکراوە".
لەماوەی دو رۆژی ئایندەدا حکومەتی عێراق بڕیار لەناردنی 800 ملیار دینار دەدات
ئەوەشی خستەڕو، "لەماوەی دو رۆژی ئایندەدا حکومەتی عێراق بڕیار لەناردنی 800 ملیار دینار دەدات وەکو سلفەیەک بۆ موچەی مانگی شەشی ئەمساڵ تاوەکو شاندی هەردولا دەگەنە ئەنجامیی کۆتایی بۆ چارەسەری کێشەکان".
هەر کێشەیەکی سیاسی هەبێت ئێمە لەسەری کێشە دروستناکەین بۆ ئەوەی موچە دوابکەوێت
پەیوەست بە کێشەی پارتی و یەکێتی و رەوانەکردنی پارەی بۆ موچە راستەوخۆ بۆ پارێزگاکان، یاروەیس وتی، "کێشەکە ئەوەنیە، ئەم کێشەیەش لە یاسای بودجەی عێراق لە ماددەی 13 لە بڕگەی 8 چارەسەری بۆ دۆزراوەتەوە و لە ژێرناوی بڕگەی پارێزگای ناڕازیی، بۆیە هەر کێشەیەکی سیاسی هەبێت ئێمە لەسەری کێشە دروستناکەین بۆ ئەوەی موچە دوابکەوێت، بەپێچەوانەوە شاندمان لە بەغدایە بۆ ئەوەی بەزوترین کات پارەکە رەوانەبکرێت".
ئەو قسانەی وتەبێژەکەی حکومەتی هەرێم ناچێتە گیرفانی خەڵکەوە
لەبارەی راگەیەندراوەکەی وتەبێژی حکومەتی هەرێم، پەرلەمانتارەکەی یەکێتی دەڵێت، "ئەو قسانەی وتەبێژەکە ناچێتە گیرفانی خەڵکەوە، وتەبێژی حکومەت چ ئەوەی پێشتر چ ئەوەی ئێستا وا قسە ناکەن کە وتەبێژی حکومەتێکی کوردستانی سەرتاسەرین بەڵکو بە نەفەسی حزبی قسە دەکەن، ئەوەش زۆر خراپە، ئەو پارەی هی موچەی خەڵکە و کەس ناتوانێت رێگری لێبکات و دوابکەوێت".
وەزیری دارایی و سەرۆکی حکومەتە دەڵێن حەقیان بە موچەوە نیە و بڕۆن لە بەغدا داوای بکەن ناچاری ئێمە بچین
دەشڵێت، "وەزیری دارایی و سەرۆکی حکومەتە کە دەڵێن حەقیان بە موچەوە نیە و بڕۆن لە بەغدا داوای بکەن، ئەوان خۆیانی لێبێبەری دەکەن، کە ئەوان خۆیانی لێبێبەری دەکەن لایەنی وەکو یەکێتی کە قوەتی خۆی هەیە و پەیوەندی هەیە هەوڵدەدات کە حکومەتی عێراق رازی بکات بۆ ئەوانەی بەزویی سولفەیەک بنێرێت تاوەکو موچەی مانگی شەش دابەشبکرێت، دوای رێککەوتنیش موچەی مانگی حەوت چارەسەر بکرێت".