خەندان-
وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئیدارەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا بە نیگەرانییەوە لە پەسەندکردنی بڕگەیەک لە پلانی هەموارکردنەوەی دادوەری بۆ حکومەتی بنیامین ناتانیاهۆ، لەلایەن کنێستی ئیسرائیلەوە دەڕوانێت.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە لە لێدوانێکدا باسی لەوەکردوە، "پێمان وایە پێویستە کار بۆ کۆدەنگی بکەن بۆ ئەوەی گۆڕانکاری دیموکراسی بەرچاو ئەنجامبدرێت، داوا لە سەرکردەکانی ئیسرائیل دەکەین کە لە ڕێگەی وتوێژی سیاسییەوە کار بۆ ڕێبازێکی کۆدەنگی بکەن".
یاسادانەرانی ئیسرائیل بڕگەیەکی سەرەکییان لە پلانێکی چاکسازی دادوەری مشتومڕاوی پەسەندکرد
دوێنێ دوشەممە یاسادانەرانی ئیسرائیل بڕگەیەکی سەرەکییان لە پلانێکی چاکسازی دادوەری مشتومڕاوی پەسەندکرد، کە ئامانجی سنوردارکردنی دەسەڵاتەکانی دادگای باڵایە.
دەقەکە لەلایەن 64 نوێنەری هاوپەیمانی حکومەتی دەسەڵاتدارەوە پشتیوانی لێکرا
دەقەکە لەلایەن 64 نوێنەری هاوپەیمانی حکومەتی دەسەڵاتدارەوە بە سەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاهۆ، لە کۆی 120 نوێنەری پەرلەمان پشتیوانی لێکرا، ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن بایکۆتی پڕۆسەی دەنگدانیان کرد.
لە دادگای باڵا لە دژی یاساکە سکاڵا تۆمار دەکەین
لایخۆیەوە گروپێکی چاودێری سیاسی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "لە دادگای باڵا لە دژی یاساکە سکاڵا تۆمار دەکەین".
گروپەکە کە ناوی "بزوتنەوەی حکومەتی کوالیتی لە ئیسرائیل"ە، ئاماژەی بەوەکردوە، "دەڵێن هەموارکردنەکە بە شێوەیەکی دیفاکتۆیە لە هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی دادوەری و پێویستە لەلایەن دادگاوە هەڵبوەشێنرێتەوە".
لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی سەندیکاکانی کرێکاران کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەگەری ڕاگەیاندنی مانگرتنی گشتی
لایخۆیەوە سەرۆکی فیدراسیۆنی سەرەکی سەندیکاکانی کرێکاران لە ئیسرائیل ڕایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی سەندیکاکان کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەگەری ڕاگەیاندنی مانگرتنی گشتی.
پڕۆژە یاسای "چاکسازی دادوەری" ناڕەزایەتییەکی بێوێنەی لێکەوتەوە
پڕۆژە یاسای "چاکسازی دادوەری" ناڕەزایەتییەکی بێوێنەی لێکەوتەوە، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، کە پۆلیس ئاوی بەکارهێناوە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران کە هەوڵیانداوە ڕێگای کنێست دابخەن، ئەوەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هەموارکردنی دادوەری.
پۆلیسی ئیسرائیل هەروەها سێ کەسی لە ماڵی وەزیری ئابوری دەستگیرکرد، دوای ئەوەی هەوڵیاندا ڕێگری بکەن لەوەی بچێتە دەرەوە بۆ بەشداریکردن لە دەنگدانی کۆتایی لەسەر پڕۆژە یاساکە سەبارەت بەو هەموارکردنە دادوەرییانەی کە حکومەت پێشنیاری کردوە.