خەندان-
سەرەڕای ئەوەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چاوەڕوانی وەرگرتنی موچەی مانگی شەشی ئەمساڵدان، بەڵام شاندی حکومەتی هەرێم سەردانەکەی بۆ بەغدا دواخست، کە بڕیارە لە گفتوگۆکاندا دابەشکردنی موچە یەکلایی بکرێتەوە.
سەرچاوەیەکی لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، هەرچەندە بڕیاربو ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ بکات، بەڵام سەردانەکە بۆ سبەی دوشەممە دواخرا.
لەدوای گفتوگۆکانی شاند هەرێم و بەغدا وادەی دابەشکردنی موچەی مانگی شەشی ئەمساڵ دەردەکەوێت
بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، لەدوای گفتوگۆکانی شاند هەرێم و بەغدا وادەی دابەشکردنی موچەی مانگی شەشی ئەمساڵ دەردەکەوێت، ئەوەش لەکاتێکدایە موچەخۆران لە چاوەڕوانیدان.
بەغدا مەرج هەیە و بەپێی وتەی بەرپرسانی هەرێم، "کۆت و بەند" بۆ رەوانەکردنی پشکی هەرێم دروستدەکرێت
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت مانگانە لەگەڵ دابەشکردنی موچە لە پارێزگاکانی عێراقدا پشکی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت، بەڵام بەغدا مەرج هەیە و بەپێی وتەی بەرپرسانی هەرێم، "کۆت و بەند" بۆ رەوانەکردنی پشکی هەرێم دروستدەکرێت.
چاوەڕوانیش دەکرێت لەم هەفتەیەدا رێنماییەکانی یاسای بودجەی 2023 دەربچن
سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکدا بە خەندان-ی راگەیاند، شاندی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بەغدا و دەست بەکۆبونەوەکان دەکەن، چاوەڕوانیش دەکرێت لەم هەفتەیەدا رێنماییەکانی یاسای بودجەی 2023 دەربچن و بەتەواوی یاساکە بخرێتەبواری جێبەجێکردنەوە.
کاتێک بودجە چوە بواری جێبەجێکردنەوە، پشکی هەرێمی کوردستان لەوادەی خۆیدا و لەم هەفتەیە رەوانە دەکرێت
وتیشی، "کاتێک بودجە چوە بواری جێبەجێکردنەوە، پشکی هەرێمی کوردستان لەوادەی خۆیدا و لەم هەفتەیە رەوانە دەکرێت، ئەگەر هاتو رێنماییەکانی یاسای بودجەش لەم هەفتەیەدا دەرنەچون، لەم هەفتەیەدا موچەی مانگی (حوزەیران/6)ی 2023ی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بکرێت".
لەلایەکی دیکەشەوە سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی رایگەیاند، "ئامادەکاریەکان بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی (حوزەیران/6) تەواوبون، لەم هەفتەیەدا دەست بەدابەشکردنی موچەی فەرمانبەران دەکرێت".