خەندان-
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەمو ئەو داخوازیانەی کە لەسەر هەرێم هەبوە جێبەجێ کراوە و بڕیارە کۆبونەوەیەکی دیکە لە بەغدا بکرێت و هیوادارن ئەنجامەکان بەدڵی هەموان بێت، دەشڵێت، "لە ساڵی 2013وە حکومەتی عێراق حەساری خستوەتە سەر هەرێم و ئومێدەوارین ئەو حەسارە هەڵبگرێت و پێویستە لەمەودوا لەبارەی موچە پرسیار لە وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت".
ئاوات شێخ جەناب ئەمڕۆ یەکشەممە لە میانی کردنەوەی دەروازەی تیلەکۆ لە گەرمیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە فەرمی مەرزی تیلەکۆ کرایەوە و ماستەرپلانی پشتە و تیلەکۆ ئامادەیە و"جوڵەی بازرگانی و هەلی کار لە سنورەکەدا زیاتر دەبێت لە جاران، ئومێدەوارم بۆ گەرمیان بریندار بتوانێت بەشدارییەکی گرنگ بکات بۆ ئەوەی کە خەڵکەکە جۆرێک لە ئارامیی و ئاسودەیی بەخۆوە ببینێت".
بەنیسبەت حکومەتی هەرێمەوە هیچ بیانویەک نەماوە کە لەئێمەی بگرن
پەیوەست بە پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا، ئاماژەی بەوەکرد، "شاندی هەرێم جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بەغدا و ئەوەی قسەی لەسەر دەکەن شتی تەکنیکییە، دەتوانم بڵێم هەمو ئەو داخوازیانەی کە لەسەر هەرێم هەبو بە وردیی جێبەجێکراوە و پێشتریش ئەوانە ئامادەکراون، بڕیارە کۆبونەوەیەکی دیکە لەگەڵ بەغدا بکرێت ئومێدەوارم ئەنجامەکان بەدڵی هەمو لایەک بێت، چونکە بەنیسبەت حکومەتی هەرێمەوە هیچ بیانویەک نەماوە کە لەئێمەی بگرن".
ئەو شتانەی کە لەئێمەی داوا دەکرێت پێموانیە لەلای خۆیان هیچی جێبەجێ کرابێت
ئاوات شێخ جەناب وتیشی، "ئەو شتانەی کە لەئێمەی داوا دەکرێت پێموانیە لەلای خۆیان هیچی جێبەجێ کرابێت، بەڵام ئەو داواکاریانەی لە هەرێم هەیە زۆر بە شەفانەوە ئامادەین بۆ جێبەجێکردنی، لام سەیرە خەڵک نەیزانێت لە 2013وە بەغدا حەسارێکی لەسەر هەرێم داناوە، ئومێدەوارین ئەم حەسارە لەم دواییەدا تەواببێت".
داهاتی ناوخۆ دەبێت 50% رادەستبکەین هەرچەندە لەم دواییەدا ئەوان داوای 100% دەکەن
پەیوەست بە دابەشکردنی موچەی و داهاتی ناوخۆ، وەزیری دارایی و ئابوری وتی، "نەخێر داهاتی ناوخۆ بەش ناکات و پێموایە ئەو پرسیارەش راست نیە چونکە سور دەزانیت کە چەند مانگێکە نەوت ناڕوات و بەپێی یاسای بودجە داهاتی ناوخۆ دەبێت 50% رادەستبکەین هەرچەندە لەم دواییەدا ئەوان داوای 100% دەکەن، کە داهاتەکەی جارانی نەما هەرێم ناتوانێت موچە دابینبکات، ئێمە زوش لە وەزارەتی دارایی رامانگەیاندوە و لەمەودوا لەسەر بابەتی موچە پێویستە لە وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت".