دەوترێت "ئەشکەنجە" دراون؛ خەندان زانیاری گرنگ لەبارەی دۆخی دو زیندانیكراو لە هەولێر بڵاودەکاتەوە

10:22 - 20/07/2023

5147جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کەسوکاری هەردو زیندانیکراو عەبدولرەحمان ئەر و مەزڵوم داغ دەڵێن، کوڕەکانیان لە زیندانی هەولێردا "ئەشکەنجە دراون و تەندروستیان خراپە"، بەڵام بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان لە خەندانەوە دڵنیایی دەدات و دەڵێت، "لیژنەیەکمان رەوانەی ئەو زیندانە کردوە کە ئەو دو کەسەی تێدایە و دۆخیان باشە و مانگرتنەکەیان شکاندوە و بابەتی ئەشکەنجەدانیش راست نییە".

هەریەکە لە عەبدولرەحمان ئەر و مەزڵوم داغ کە خەڵکی باکوری کوردستانن، بەتۆمەتی کوشتنی عوسمان کۆسە، بەرپرسی هەواڵگریی میتی تورکیا لە هەولێر دەستگیرکراون کە لە 17ی (تەموز/7)ی 2019دا تیرۆرکرا، ئەو دو زیندانییە ماوەی نزیکەی 60 رۆژ مانیان لە خواردن گرت و بەهۆیەوە دۆخی تەندروستیان تێکچو.

ئێستا هیچ کێشەیەکیان نیە و مانگرتنیان شکاندوە
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە خەندان-ی راگەیاند، "ئەو کەسانە لەسەر روداوەکەی هۆقەباز دەستگیرکراون، ئێستا هیچ کێشەیەکیان نیە و مانگرتنیان شکاندوە، دوێنێ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەمان رەوانە کرد دوای ئەوەی دەنگۆیەک هەبو کە ئەشکەنجە دراون، لیژنەکە بەڕێوەبەری یاسایی و بەڕێوەبەری پلاندانانی تێدابو، دەرگای زیندانەکەیان بۆ کرایەوە و زیندانەکانیان بینی".
 لیژنەکە پشکنینی بۆ جەستەی زیندانەکان کردوە و دەرکەوت بابەتی ئەشکەنجە "راست نییە" 
ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەکە پشکنینی بۆ جەستەی زیندانەکان کردوە و جلوبەرگیان لەبەردا داکەندون و دەرکەوت بابەتی ئەشکەنجە "راست نییە" و زیندانەکان خۆشیان وتیان "ئەو بابەتە راست نیە و هیچ کێشەیەکمان نیە".
ئەمڕۆ پزیشک یەکێک لە زیندانیەکان دەبینێت و مانگرتنەکەی دەشکێنێت، بەڵام دۆخی تەندروستیان باشە
لەبارەی مانگرتنی ئەو دو زیندانییە لە خواردن و خراپی تەندروستیان، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، "دۆخیان خراپ نیە و دوێنێ کە لیژنەکە چونەتە لایان هیچ کێشەیەکیان نییە و دوێنێ چوارشەممە یەکێکیان مانگرتنی شکاندوە و ئەو دیکەشان وتویەتی عەینەکێکم دەوێت بۆم بهێنن با مانگرتنەکە بشکێنم، ئەمڕۆ پزیشک دەیبینێت و مانگرتنەکەی دەشکێنێت، بەڵام دۆخی تەندروستیان باشە و خۆم چاودێریم کردوە و بەردەوامیش دەبم".
بارودۆخی کوڕەکەمان لەزیندان زۆر خراپە، چونکە لە زیندان مافەکانیان پێشێل دەکرێت 
ئەو وتانەی بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە کە قودرەت داغ، دایک مەزڵوم داغ بۆ سۆخاری کوڕەکەی لە ئامەدی باکوری کوردستانەوە هاتوەتە باشور و بە رۆژنیوز-ی راگەیاندوە، "بارودۆخی کوڕەکەمان لەزیندان زۆر خراپە، چونکە لە زیندان مافەکانیان پێشێل دەکرێت و توشی ئازار و ئەشکەنجە دەبنەوە، داواکارین لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەدەنگ بێن و ڕێگا نەدرێت مەفەکانیان پێشلبکرێت".
لە زیندان خراوەنەتە نێو چەکدارانی داعش لەکاتێکدا ئەوان تیرۆرست نین
قودرەت داغ وتیشی، "لە زیندان خراوەنەتە نێو چەکدارانی داعش لەکاتێکدا ئەوان تیرۆرست نین، بۆیە پێویستە شوێنیان جیابکرێتەوە لە نێو تیرۆرستان و بکوژاندا، داواکارم لە کۆمەڵگای نێودەڵەوتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێگریی بکەن لە پێشێلکردنی مافەکانیان لەنێو زینداندا، چونکە بارودۆخیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو خراپبون دەچێت و مافەکانیان پێنادرێت.
زیندانییەکان لە چاکسازییەکاندا تێکەڵ ناکرێن و پۆلێن کراون بەپێی ئەو ماددە یاساییانەی کە پێی دەستگیرکراون
بەڵام بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە کە ئەو دو زیندانییە "جێگەیان زۆر باشە" و دەڵێت، "زیندانییەکان لە چاکسازییەکاندا پۆلێن کراون بەپێی ئەو ماددە یاساییانەی کە پێی دەستگیرکراون، ئەو کەسانەی بەتۆمەتی کوشتن یان تیرۆر یان ماددەی هۆشبەر یان دزیکردن دەستگیرکراون بەجیا جیا زیندانیکراون و بەهیچ جۆرێک تێکەڵ ناکرێن، عەبدولرەحمان ئەر و مەزڵوم داغ-یش لەناو زیندانی چاکسازی گەورانی هەولێر و دڵنیابن هیچ کێشەیان نیە".
لە هەولێر هەزار و 700 زیندانیکراومان هەیە ئەوەش وایکردوە کێشەی بۆ پۆلێنبەندییەکەی ئێمە دروستکردوە
ئەوەشی خستەڕو، "کێشەیەکمان هەیە کە لە هەولێر هەزار و 700 زیندانیکراومان هەیە ئەوەش وایکردوە کێشەی بۆ پۆلێنبەندییەکەی ئێمە دروستکردوە، وایکردوە هەندێک لەو کەسانەی بەتۆمەتی دزیکردن یان هاوڕەگەزبازی سزادراون تێکەڵ بکرێن و لە یەک هۆڵدابن".

پەیوەست بە خواردنی زیندانییەکان، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە چاکسازییەکاندا خواردنی باش تەنانەت هەفتانە شەش ژەم گۆشتیان بۆ دابیندەکرێت، هەروەها شوێنی باش و وەرزشکردن و خوێندنەوەی کتێب بۆ تەواوی زیندانیەکان دابینکراوە و بەتەواوی مافی زیندانیەکان پارێزراوە".

نیشانەکردن

هەولێر