پرۆژەیاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجە پەسەند دەكرێت

04:19 - 17/07/2023

4310جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان رەزامەندی دەربڕیوە، لەكۆبونەوەكانی داهاتودا دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجە لە كۆماری عێراق بدرێت.

ئامانج رەحیم لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی، "محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕەزامەندیدا لەسەر دانانی (پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە كۆماری عێراق) لە ئەجیندەی كۆبونەوەكانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدانی كۆتایی و تەشریعكردنی".

حكومەتی عێراق پێداگرە لەسەر مامەڵەكردن لەگەڵ هەڵەبجە وەك  پارێزگایەكی عێراق

رۆژی 1ی (ئازار/3)ی 2023 محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دوای كۆتاییهاتنی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، حكومەتی عێراق پێداگرە لەسەر مامەڵەكردن لەگەڵ هەڵەبجە وەك  پارێزگایەكی عێراق و لە قۆناغی داهاتوشدا لەرێكارە كارگێڕییەكاندا ئەو بڕیارە جێبەجێ دەكات.

هەڵەبجە شایستەی خزمەتی زیاترە

ئەوەشی خستەڕو، پارێزگای هەڵەبجە شایستەی خزمەتی زیاترە و ئەركی حكومەتی فیدڕاڵە پشتیوانی شارەكە و خەڵكەكەی بێت، چونكە خەڵكی هەڵەبجە قوربانییەكی زۆری بەخشیوە.

دوای بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران، پرۆژەیاسای بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە رەوانەی پەرلەمان كرا و پاش خوێندنەوەی یەكەم، لەئێستادا خوێندنەوەی دوەمی بۆ كراوە، تەنها دەنگدان لەسەر پرۆژە و پەسەندكردنی ماوە.
 شارەكە پێویستی زیاتری بە تەواوكردنی فەرمانگەكان و خزمەتگوزاری زیاتر هەیە

هەڵەبجە لە ساڵی 2014ەوە بوە بەپارێزگا، بەڵام تاوەكو ئێستە كۆمەڵێك ناوەندی حكومی و ناحكومی لێنەكراوەتەوە، بەرپرسانی هەڵەبجەش دەڵێن، لەئێستادا شارەكە پێویستی زیاتری بە تەواوكردنی فەرمانگەكان و خزمەتگوزاری زیاتر هەیە.

نیشانەکردن

هەڵەبجە