خەندان-
سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، سەردانەكەی ئەمڕۆی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سێ ئامانجی هەیە و یەكێك لەئامانجەكانیش بنبڕكردنی تیرۆر و ئاڵوگۆڕی زانیاریە لەبارەی شانە نوستوەكانی داعش.
توركی عەتبی سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، سەردانەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ دیمەشق گرنگە، چونكە لەژێر ڕۆشنایی هەلومەرجێكی ناوازەدا دێت كە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاراستەی جیاجیادا ئەزمونی دەكات.
سەردانەكە هەڵگری سێ ئامانجی گرنگە، دیارترینیان هەماهەنگی ئەمنییە لە چوار دۆسییەدا
ئاماژەی بەوەشكرد، سەردانەكە هەڵگری سێ ئامانجی گرنگە، دیارترینیان هەماهەنگی ئەمنییە لە چوار دۆسییەدا كە بریتین لە سنورەكان و كەمپی هۆڵ و تیرۆرستانی داعش و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر شانە نوستوەكان، جگە ئامانجەكانی ئابوری و بوارەكانی دیكەی پەیوەست بە داهاتوی ناوچەكە بە گشتی.
ئەزمون سەلماندویەتی بنبڕكردنی تیرۆر پێویستی هاوكاری هەیە لە هەر ناوچەیەكدا
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەزمون سەلماندویەتی بنبڕكردنی تیرۆر پێویستی هاوكاری هەیە لە هەر ناوچەیەكدا، بەتایبەتی كە ڕێكخراوە توندڕەوەكان لە بنەڕەتدا كارتێكی هەواڵگری نێودەوڵەتین كە لە ڕێگەیەوە هەوڵدەدەن زیان بە ئاسایش و سەقامگیری بگەیەنن و كۆمەڵگەكان پارچە پارچە بكەن.
محەمەد شیاع سودانی سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی دیمەشقی كرد و لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆك كۆماری سوریا و حكومەتەكەی كۆبونەوەیەكی ئەنجامدا، ئەمەش وەك یەكەمین سەردانیەتی لەدوای دەستبەكاربونی لەپۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق.