خەندان-
حکومەتی هەرێمی کوردستان تانە لە ماددەکانی 2، 11، 12، 13ی بودجەی گشتی عێراق دەدات، ئەندامێکی لیژنەی دارایش دەڵێت، تانەکە کاریگەری لەسەر رەوانەکردنی پشکی کورد لە بودجەی عێراق نابێت.
سەرچاوەیەکی فەرمی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە ئاشکرایکرد، حکومەت لە رێگەی تیمێک لە پارێزەرانییەوە لە تانەی لە ماددەکانی 2، 11، 12، 13ی بودجەی گشتی عێراق داوە، بەڵام تانەکە کاریگەری لەسەر ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان بۆ موچەی فەرمانبەران ناکات.
زۆربەی مادەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان بەشێوەی نادەستوری و نایاسایی داڕێژراونەتەوە
لایخۆیەوە خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندوە، "زۆربەی مادەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان بەشێوەی نادەستوری و نایاسایی داڕێژراونەتەوە، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان تانەی لەو مادانە داوە کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا."
پەرلەمانی عێراق بودجەی ساڵی 2023ی بە بڕی 198.9 تریلیۆن دینار (153 ملیار دۆلار) پەسەندکردوە
بەرەبەیانی 12ی (حوزەیران/6)ی ئەمساڵ، پەرلەمانی عێراق بودجەی ساڵی 2023ی بە بڕی 198.9 تریلیۆن دینار (153 ملیار دۆلار) پەسەندکرد، کە خەرجییە پێوانەییەکانی بۆ پڕۆژەیاسای گەشەسەندنی موچەی گشتی و پڕۆژەکانی پەرەپێدان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی وێرانبو کە بەهۆی پشتگوێخستن و شەڕەوە تێکچوە.
یاسای بودجە تاوەکو ساڵی 2025 کارا دەمێنێتەوە
یاسای بودجە تاوەکو ساڵی 2025 کارا دەمێنێتەوە، هەرچەندە هەموار دەکرێتەوە، لەنێویاندا نرخی نەوت کە بەکاریدەهێنێت بە لەبەرچاوگرتنی پشتبەستنی بە نزیکەیی کۆی گشتی بە داهاتی نەوت.
بودجەی ئەمساڵ هەنگاو دەنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە لەمێژینەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کورستان، بڕیارە داهاتی نەوتی هەرێم لە سندوقێکدا دابنیرێت کە بانکی ناوەندی عێراق سەرپەرشتی دەکات.
دوای بڕیارێکی پاریس، بەرپرسانی کورد ناچاربون دانوستان لەگەڵ بەغدا بکەن
پێشتر بەغدا هیچ قسەیەکی نەبو لەسەر خەرجکردنی داهاتی نەوتی کوردستان، سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی بەغدا، کوردستان تاکلایەنە نەوتی خاو لەڕێگەی تورکیاوە هەناردە دەکرد، بەڵام بەرپرسانی کورد ناچاربون دانوستان لەگەڵ بەغدا بکەن، دوای ئەوەی تورکیا لە مانگی نیساندا هەناردەکردنی نەوتی خاوی ڕاگرت، کاتێک بڕیارێکی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بە نایاسایی زانی.
کۆمپانیای سۆمۆ دەسەڵاتی بەبازاڕکردن و هەناردەکردنی نەوتی خاوی ژێر کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستان دەبێت
بەپێی ڕێکەوتنێک کە لە مانگی نیسانی ڕابردودا لە نێوان بەغدا و هەولێر واژۆکراوە، کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەسەڵاتی بەبازاڕکردن و هەناردەکردنی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستان دەبێت.
لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە، سەرەڕای ئەوەی بەغدا لە 11ی ئایاری ئەمساڵدا داوای لە ئەنقەرە کردوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، هێشتا هیچ ئاسۆیەک بۆ هەناردەکردنی نەوت دیارنیە.